محەمەد رەزا نەقدی: پێكهاتن لەگەڵ ئەمەریكا دەبێتەهۆكاری لە ناوبردنی خەڵكی ئێران

تاران- KDP.info/ سەرۆكی دەزگای بەسیجی حكوومەتی ئێران محەمەد رەزا نەقدی لە كۆبوونەوەیەكی خۆی لە گەڵ ژمارەیەك لە قۆتابیانی زانكۆكانی ئێراندا باسی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكای كردووە.
لەمبارەیەوە ئاژانسی فارسی ئێرانی بڵاویكردۆتەوە كە محەمەد رەزا نەقدی ئاماژەی بەوە داوە كە بەرپرسانی ئێران بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین كە لە گەڵ ئەمەریكادا پەیوەندییەكانی خۆیان ئاسایی بكەنەوە چونكە پێیان وایە ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەبێتە هۆكاری لە ناوبردنی خەڵكی ئێران.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەمەریكا ماوەیەكی درێژە كە لە دژی ئێران دەستی بە شەرٍی كلتووری، ئابووری و تەكنولوژیی كردووە و لە هەموو لایەكەوە هەوڵ بۆ لە ناوبردنی خەڵكی ئێران و كلتووری ئەو خەڵكە دەدات، بۆیە رابەرایەتی شۆڕشی ئێران لەو باوەرەدایە كە ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا دەبێتە زەمینە خۆشكەر بۆ وەشاندنەوەی گورزێكی كوشندە لە خەڵكی ئێران.




