لە هەولێر تاكو كۆتایی ئەمساڵ هیچ زەویەكی كارت نامێنێت
هەولێر – تایبەت بە kdp.info / سەرچاوەیەك لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە ئاشكرا دەكات كە بڕیاردراوە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم زەویە كارتەكانی شاری هەولێر تاپۆدەكرێن و ئێستا دەست بەجێبەجێ كردنی ئەو بڕیارە كراوە.
ئیسماعیل محمد بەڕێوەبەری شارەوانیەكانی هەولێر لە لێدوانێكیدا بۆ( kdp.info ) گوتی: ماوەیەكە سەرقاڵی كاركردنین بۆ تاپۆكردنی ئەو زەویانەی كە تەنها كارتیان هەیەو تاوەكو ئێستا تاپۆ نەكراون كارەكە وەزارەتی شارەوانی بەهاوكاری وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و داد جێبەجێی دەكات و لیژنەی تایبەتمەند بۆ راپەڕاندنی كارەكان پێكهێنراوە.
ناوبراو گوتیشی: ئێستا لە ناوچەكانی شاوێس و گەزنەزان دەستكراوە بە مامەڵەی تاپۆكردنی زەویەكارتەكان و بەپێی كات و ریزبەندی ناوچەكانی تریش دەگرێتەوەو پێشبینی دەكرێـت تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم زەویە كارتەكانی هەولێر لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ بكرێت و لەساڵی 2014 هیچ زەویەك بەناوی كارت نامێنێت




