فه‌ره‌نسا له ئه‌یلوولى داهاتوو ڤیزا ده‌داته هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 14ى حوزه‌یرانى 2012 لەدیدارێكی نێوان نێچیرڤان ئه‌حمه‌د سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و دونى گوێر باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له عێراق و فرێدریك تیسۆ كونسولى فه‌ره‌نسا له هه‌ولێر. ئاماژه‌ى به گرنگیى په‌یوه‌ندییەكانی نێوان هه‌رێمى كوردستان و فه‌ره‌نسا درا و تیشك خرایە سه‌ر ڕۆڵى فه‌ره‌نسا له پشتگیریكردنی گه‌لى كوردستان له سه‌ره‌تاى ڕاپه‌ڕینى ئازارى نه‌وه‌د و یه‌ك و هه‌وڵ و ڕۆڵى فه‌ره‌نساى له ده‌ركردنى بڕیارى نێوده‌وڵه‌تیى 688 و دانانى ناوچه‌ى دژه‌فڕین و پاراستنى كوردستان له هێرشه‌كانى ڕ‌ژێمى ڕووخاوى سه‌ددام؛ به‌رز نرخێنرا.
بەمەبەستی فراوانكردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و فه‌ره‌نسا، باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له به‌غدا ڕایگه‌یاند كه كونسلخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له هه‌ولێر ئێستا خه‌ریكى ئاماده‌كارییه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێ له مانگى ئه‌یلوولى داهاتوودا ڕاسته‌وخۆ له هه‌ولێر ڤیزا بداته هاووڵاتیان، ئه‌مه‌ش ئاسانكارییه‌كى باش پێشكه‌ش به‌و كه‌سانه ده‌كات كه ده‌یانه‌وێ سه‌فه‌رى فه‌ره‌نسا و وڵاتانى تر‌ى ئه‌ورووپا بكه‌ن.




