كورد لە توركیا داوای یەكسانی دەكات لە سەربەخۆیی

دیاربەكر-KDP.info/ ناوەندی لێكۆڵینەوەی نێونەتەوەیی توركیا ئۆكئام سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و داواكارییەكانی گەلی كورد لە باكووری كوردستاندا دەستی بە راپرسییەك كردووە و لەم راپرسییەدا كە نزیكەی 3 هەزار كەس بەشدارییان تێدا كردووە، دەركەوتووە كە كورد لە توركیا داوای یەكسانی دەكات نە سەربەخۆیی.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردۆتەوە كە رۆژی چوار شەممە دەزگای ئۆكئام لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامەكانی راپرسییەكەی خۆی پێشكەشی رای گشتی كردووە و بە پێی ئەنجامەكانی ئەم راپرسییە كە لە سەدا 72ی بەشداربووەكان كورد و لە سەدا 12ی بەشداربووەكان تورك و ئەوانی دیكەیش عەرەب و زاز بوونە، لە سەدا 86.5 بەشداربووەكان داوای یەكسانییان بۆ كورد كردووە.
هەر بە پێی ئەم راپرسییە لە سەدا 68.87ی بەشداربووەكان پێیان وایە كە ئەگەر پەكەكە بە شێوەیەكی راستەوخۆ بەشداری لەم قۆناغە نەكات، ئەوا قۆناغەكە سەركەوتوو نابێت.
لە سەدا 88.3 بەشداربووان پێیان وایە كە پارتی كۆماری گەل و لە سەدا 94.4ی بەشداربووان پێیان وایە كە پارتی رەگەزپەرەستی توركیا هەوڵ بۆ لاوازكردن و بێ ئەنجام هێشتنی قۆناغی چارەسەری دەدەن.
لە سەدا 68.35ی بەشداربووەكان هەوڵدانەكانی حكوومەتی توركیا لەم قۆناغەدا بە جدی بوونی حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد وەسف كردووە.
لە سەدا 41ی بەشداربووەكانیش داوای دەسەڵاتی هەرێمی و زمانی زگماكییان بۆ ناوچە كوردییەكان كردووە.




