دەمەلۆجی: پێشێلكردنى دەستوور و شكستهێنان لە بەڕێوەبردنى وڵات هۆكاری متمانە وەرگرتنەوەن لە مالیكی

گوتەبێژی لیستی عێراقییە كە ئەیاد عەلاوى سەرۆكایەتیی دەكا ئەو دەنگۆیانەى رەت كردەوە كە باس لە هەبوونى پەیوەندییەكی نهێنی نێوان مالیكی و عەلاوى دەكەن و ئاماژەى كرد كە لایەنە سیاسییەكان بەهۆى شكستهێنانی لە بەڕێوەبردنى وڵات و پێشێلكردنى دەستوور متمانە لە مالیكی وەردەگرنەوە.
ئەمرۆ پێنج شەمە 14/6/2012 مەیسوون دەمەلۆجی گوتەبێژی لیستی عێراقییە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، لیستی عێراقییە كوتلەی ئەحرار و هاوپەیمانیی كوردستان و كەسایەتییە نیشتمانییەكان سوورن لەسەر پرۆسەی لێسەندنەوەى متمانە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراق بەرێگەیەكی دیموكراسی.
هەرلەبەیانامەكەشدا دەمەلۆجی گوتویەتى، بەهۆى پێشلكردنی بەردەوامى دەستوور و شكستهێنانی لە بەڕێوەبردنى ئیدارەى وڵات متمانەلەمالكی وەردەگرینەوە.
ناوبراو ئاماژەى بەوەش كردووە جێگرەوەی مالیكی لە ناو هاوپەیمانیی نیشتمانى دەبێ و ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی نیشتمانییە و بۆ چەسپاندنى دیموكراسی و بنەواى ئاڵوگۆڕكردنى دەسەڵات بەئاشتییانە و پەرەدان بەدۆخى هاووڵاتی.
راشیگەیاند عێراقییە هەموو هاووڵاتییان ئاگەدار دەكاتەوە كە دەنگۆی هەبوونى پەیوەندی نهێنی لە نێوان عەلاوى و مالیكی یا پاشگەزبوونەوە لە پرۆسەی لێسەندنەوەى متمانە دوورە لە راستی.




