بەرپرسێكی PYD: هەموو پێمان دەڵێن سەر بە ئیستخباراتی سوریاین و رۆژنامەی هاووڵاتیش درۆی بۆ هەڵبەستووین

هەولێر- KDP.info/ گەورە بەرپرسێكی پارتی پەیەدە باڵی سەربازی پەكەكە ئاماژە بەوە دەكات لە هەموولایەكەوە پێیان دەگوترێت سەر بە ئیستخباراتی سوریان ئەوەش دەخاتەڕوو لێدوانی بەرپرسێكیان دژی پارتی زۆر هەڵەبووە .
هەفتەی رابردوو رۆژنامەی هاووڵاتی لەزاری بەرپرسێكی پەیەدەوە كە بە پێی قسەی وتەبێژی ئەو حزبە رۆژنامە كە قسەكانی گۆڕیووە ئاماژەیان بەوە كردووە كە پارتی دیموكراتی كوردستان سیخوریان لەسەر دەكات لەم بارەوە د.جەعفەر عەكاش وتەبێژی پەیەدە لە كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: هەموولایەك دەڵێن كە گوایە ئێمە سەر بە ئیستخباراتی سوریاین بەڵام ئێمە دووپاتی دەكەینەوە كە هیچ كات لەگەڵ ئیستخباراتی سوریا نین و هاوبەشی سەلەفیەكان و جەنگاوەرانی سوریاش نین، ئامانجی ئێمە ئەوەیە ببینە هێڵی سێهەمین لەو نێوەندەدا و ئێمە ئەوەی ئێستا لە سوریا دەیبینین بە شۆڕشی ناو نانێین ئەوە خوێن ڕشتنی خەڵكی بێ تاوانی ئەو وڵاتەیە.
گوتیشی : هەر ئەوە بە ئێمە دەڵێن كە سەر بە سوریاین لە كاتێكدا باسی شەڕی حەلەب و قامشلۆ ناكرێت.
دەربارەی دەسگیركردن و ئەشكەنجەدانی 76 گیراوی پارتی دیموكرات رۆژئاوا (لبارتی) لە ژێر دەستی چەكدارانی پەیەدە د.جەعفەر گوتی : ئێمە ئەشكەنجەمان نەداوون بەڵام ئەو هێزەی هەمانە هێزێكی ڕەوایە و كار لەسەر كوردی سوریا دەكەن و كاری ئەوان ئەوەنیە خەڵك بخەنە زیندانەوە بۆیە ئەو كەسانەش بە شێوەی فەرمی نەهاتوونەتە ناوخاكی سوریاوە ئێمەش لێكۆڵینەوەمان لەگەڵ كردوون.
دەربارەی لێدوانی بەرپرسێكیان لە ڕۆژنامەی هاووڵاتی گوتی : بە داخەوە ئەو لێدوانە باش نەبوو ئێمە قسەمان لەگەڵ ڕۆژنامەكە كرد ئامادەین بۆ هەمووشتێك كە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەكە بینەوە كە ئەو قسە بەناوی ئێمەوە زیاد كراوە و لەوە دەچێت بۆ مەبەستێكی شەخسی ئەوە كرابێت.
هەرلەم بارەوە تاریق فاتح سەرنوسەری ڕۆژنامەی هاووڵاتی بۆ KDP.infoگوتی : بە دواداچوون بۆ ئەو هەواڵە دەكەین و داوای بەڵگەی دەنگیم كردووە بزانم چۆنە ئەو هەواڵە بەڵام چاوەڕوانی وەڵامم.




