ئەحمەد تورک: کێشەمان لەگەڵ تورکچێتی و میلـلەتی تورک نییە

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەحمەد تورک رایگەیاند : تا ئەم قۆناغهکورد ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی بەجێهێنا، لێرەوە پێویستە حکوومەتی تورکیا بە ئەرکی خۆی هەستێت.
کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهاوبەشی بۆ ئەحمەد تورک، ھاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراسی كوردستان KCDKو نازم كورد، پەرلەمانتاری ارتی ئاشتی و دیموكراسی BDPرێکخرا.
سەبارەت بە پرسی هەمواركردنەوەی دەستوور، ئەحمەد تورک گوتی: کێشەمان لەگەڵ تورکچێتی و میلـلەتی تورک نییە، ئەگەر دەخوازن با لە سەرجەم مادەکانی دەستووری تورکیا جەخت لەسەر (تورکچێتی) بکەنەوە، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا مافی گەل و نەتەوەکانی دیکە پارێزراو بێت.
ئەحمەد تورک ئاماژەی بەوە کردووە، كە لەماوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا 3 جار لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و گوتی: ئەوان هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری نێوخۆیی تورکیا قەبوڵ ناکەن، تەنیا دەخوازن ئەمریکا پشتیوانی پڕۆسەی ئاشتی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا بکات.
هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا هاوسەرۆكی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراسی كوردستان ئاماژەی بەوە دا: چارەسەرکردنی کێشەی کورد، هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکانی نێوخۆی تورکیا لێی سوودمەند دەبن، ئەگەر تورکیا بیەوێ ببێتە زلهێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێ سیاسەتی پێشووتری بگۆڕێت.
سەردانی ئەحمەد تورک بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەفتەیەک دوای سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو بۆ ئەو وڵاتە، ئامانجی سەردانی هەردوولاش بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئاشتی نێوانیان بوو.




