دووران كاڵكان: پێویستە هەر كەس ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ بكات

کوردستان- KDP.info/ ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی كۆما جڤاكێن كوردستانێ دووران كاڵكان رایگەیاند كە یەكەمین مەرحەلەی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد بە كۆتا هاتووە و مەرحەلەی دووەمی ئەم قۆناغە دەستی پێكردووە.
لەمبارەیەوە ئاژانسی دیجلە بڵاویكرۆتەوە كە دووران كاڵكان ئاماژەی بە هەنگاوەكانی دەوڵەتی توركیا و پەكەكە و لایەنی كوردی بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد كردووە و گوتوویەتی: بەو هەنگاوانەی كە لە لایەن گەلی كوردەوە نران و بە كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە لە نێو سنورەكانی توركیادا كۆتایی بە مەرحەلەی یەكەمی قۆناغی چارەسەری هاتووە.
كاڵكان جەختی لە سەر ئەوە كردۆتەوە كە مەرحەلەی دووەمی ئەم قۆناغە وەكو مەرحەلەی یەكەم نییە، كە هەنگاوەكان یەك لایەن بن و پێویستە هەر دوولا بە شێوەیەكی یەكسان هەنگاو بنێن.
ناوبراو داوای لە پەكەكە و دەوڵەتی توركیایش كردووە كە دەبێت بۆ بەرەو پێشەوە بردنی قۆناغی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن، تا ئەم قۆناغە بگاتە ئەنجام بە پێچەوانەوە ئەگەر یەكێك لە لایەنەكان هەنگاو نەنێت ئەوا ئەگەری هەرەسهێنانی قۆناغەكە لە ئارادایە.




