له‌یلا زانا: له‌و بڕوایه‌دام ئه‌ردۆغان ده‌توانێت پرسی كورد چاره‌سه‌ر بكات

سیاسه‌تمه‌داری دیار‌و په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ له په‌رله‌مانی توركیا له‌یلا زانا رایگه‌یاند: له‌و بڕوایه‌دام كه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا بتوانێت پرسی كورد له توركیا چاره‌سه‌ر بكات.
له‌یلا زانا له چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی حورییه‌تی توركی، كه ئه‌مڕۆ 14/6/2012 بڵاوكراوه‌ته‌وه، گوتویەتی: "له‌مێژووی توركیادا حكومه‌تی ئێستا به‌هێزترین حكومه‌ت بووه كه له ئاستی هه‌ره باڵایدا باسی له چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد كردبێت، بۆیه له‌و بڕوایه‌دام كه ئه‌ردۆغان بتوانێت پرسی كورد چاره‌سه‌ر بكات".
راشیگه‌یاند كه خوازیاره له‌وباره‌یه‌وه له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغاندا كۆببێته‌وه‌و ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو به‌ر له ده‌ستپێكردنی هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد، پێویسته توندوتیژیی رابگیرێت.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌یلا زانا به‌پێویستیزانی كه به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی "تیرۆر" به‌رامبه‌ر به كورد به‌كارنه‌هێنرێت و دان بنرێت به ناسنامه‌ی كورد و رێبدرێت به‌وه‌ی منداڵی كورد به زمانی دایكی خۆیان بخوێنن.




