مالیكی لە دابینكردنی ئاسایشی وڵاتدا شكستی هێناوە

زنجیرەیەك تەقینەوە شارە جیاوازەكانی عێراقیان هەژاند و بەو هۆیەیشەوە دەیان كەس كوژران و سەدانی دیكەیش بریندار بوون.
بەرپرسانی بواری ئاسایشی عێراق ئاشكرایان كرد، كە زیاتر لە 25 تەقینەوەی گەورە بەغدا، كەربەلا، حیللە، بەعقووبە، مووسڵ، كەركووك و چەندین شاری دیكەیان هەژاندووە و بەو هۆیەیشەوە زیاتر لە 90 كەس كوژران و زیاتر لە 280 كەسی دیكەیش بریندار بوون.
تەقینەوەكان ئەوە دەسەلمێنن، كە نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەروەك چۆن نەیتوانیوە سادەترین جۆرەكانی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان دابین بكات، بە هەمان شێوە لە دابینكردنی ئاسایشی وڵاتیشدا شكستی هێناوە، چونكە ناوبراو سەرۆكایەتیی سوپای وڵاتیش دەكات و تەواوی وەزارەتەكانی بواری ئاسایش و بەرگرییش بەڕێوە دەبات.
لەوبارەیەشەوە ئەحمەد ئەلعەلوانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ئەلعێراقییە رایگەیاند: پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سوود لە دەسەڵاتی خۆی وەربگرێت بۆ مەبەستی لێكۆڵینەوە لەو بەرپرسانەی بواری ئاسایش كە نەیانتوانیوە ئەركی خۆیان بە ڕێكوپێكی جێبەجێ بكەن و ڕێگا لە ڕوودانی ئەم تەقینەوانە بگرن.
ناوبراو دووپاتیشی كردەوە، ئەم تەقینەوانە ئەوە پێشان دەدەن بۆشاییەكی گەورە لە بواری ئاسایشی وڵاتدا هەیە و دەكرێت "ئەم بۆشاییەیش لە لایەن وڵاتێكی ناوچەكەوە بقۆزرێتەوە بۆ مەبەستی شكستهێنان بەو هەوڵانەی لە ئارادان بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی سیاسی لە عێراقدا".
ئەوەیشی ڕوون كردەوە، كە نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی عێراقخۆی كاروباری وەزارەتەكانی بواری ئاسایش و بەرگری بەڕێوە دەبات و ئەم تەقینەوانەیش ئەوە پێشان دەدەن، كە ناوبراو لەم ئەركەیشدا بە هەموو شێوەیەك شكستی هێناوە.




