هاشم قڵێج: ئەگەر دەستووری نوێ ئامادە نەكەن دەبێت قوربانی بدەن

KDP.info/سەرۆكی دادگای دەستووری توركیا هاشم قڵێج لە گوتاری خۆی كە لە زانكۆی سۆتچۆئیمامی شاری ماڕەشدا پێشكەشی كرد باسی مەسەلەی ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا كرد.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی دونیا بوولتەنی توركی بڵاوی كردووەتەوە كە سەرۆكی دادگای دەستووری توركیا هاشم قڵێج بۆ بەشداری كردنی لە سیمیناری مافە بنەڕەتییەكان كە لە لایەن زانكۆی سۆتچۆ ئیمامی شاری ماڕەشەوە ساز كرابوو سەردانی ئەو شارەی كرد و لە میانەی سیمینارەكەدا باسی مەسەلەی ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیای كردووە.
قڵێج لە میانەی گوتاری خۆیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە 20 مانگ لەمەوبەر لە لایەن پەرلەمانی توركیاوە كۆمیتەیەك بە ناوی كۆمیتەی پێكهاتن بۆ ئامادە كردنی دەستووری نوێ دامەزراوە بەڵام بە داخەوە دوای تێپەڕ بوونی نزیكەی یەك ساڵ ئەم كۆمیتەیە نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێك بنێت بۆیە من بەو كۆمیتەیە دەڵێم كۆمیتەی پێكنەهاتن.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە لە كار و خەباتی ئەم كۆمیتەیە بۆ ئامادە كردنی دەستووری نوێ بێ هیوایە و ئەگەر ئەو كۆمیتەیە نەتوانێت لە كاتی دیاریكراودا دەستووری نوێ ئامادە بكات ئەوا هەم دەسەڵاتی سیاسی توركیا و هەم كۆمیتەی ناوبراو قوربانییەكی یەكجار گەورە بدەن.




