پەنی كورد: پێویستە زمانی كوردیش لە پاڵ زمانی توركیدا ببێتە زمانی رەسمی

دیاربەكر- KDP.info/ رۆژی شەممە هەشتەمین كۆنگرەی ناوەندی پەنی كورد لە شاری دیاربەكر لە باكووری كوردستاندا بە بەشداری ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە نووسەرانی هەر چوار پارچەی كوردستان ساز كرا.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكرخەبەر بڵاوی كردووەتەوە كە هەشتەمین كۆنگرەی ناوەندی پەنی كورد زۆر جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو و بە بەشداری ژمارەیەكی یەكجار بەرچاو لە ئەندامان و نووسەر و رۆشنبیرانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەستی بە كارەكانی كردووە.
لە سەرەتای دەستپێكردنی كونگرەكەدا سەرۆكی ناوەندی پەنی كورد زەردەشت حاجو گوتارێكی پێشكەش كردووە و داوای لە كاربەدەستانی توركیا كردووە كە لە چوارچێوەی جارنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ دا زەمینە بۆ زمانی كوردی خۆش بكەن كە لە پاڵ زمانی توركیدا ببێتە زمانی رەسمی لە توركیا.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا داوای لە دەوڵەتی توركیا كردووە كە واز لە سیاسەتی رابردووی خۆی لە بەرامبەر گەلی كورد و زمانی كوردی بهێنێت و رۆشنبیر و رۆژنامە گیراوە كوردەكان ئازاد بكات.




