سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له شاندێكی ئه‌نجومه‌نی بازرگانی عیراق _ به‌ریتانیا ده‌كات

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه 13/6/2012 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له شاندێكی ئه‌نجومه‌نی بازرگانی عیراق _ به‌ریتانیا به سه‌رۆكایه‌تی بارۆنێس ئێما نیكڵسن ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی لۆرداتی به‌ریتانیا.
له دیدارێكدا، خاتوو ئێما نیكڵسن وێرای خۆشحاڵی ده‌ربڕین به سه‌ردانی شانده‌كه بۆ هه‌رێمی كوردستان، له بایه‌خی ئه‌نجومه‌نی بازرگانی عیراق _ به‌ریتانیا دوا و گه‌شاوه‌یی ئابووری و بازرگانی هه‌رێمی كوردستانیشی وه‌ك فاكته‌ری سه‌ره‌كی بۆ دروستكردنی ئه‌نجومه‌نه هاوبه‌شه‌كه‌یان دانا و هیوای خواست كه ئه‌م سه‌ردانه ببێته مایه‌ی كردنه‌وه‌ی ئاسۆیه‌كی فراوانتری هاریكاری ئابووری و بازرگانی له نێوان كه‌رتی تایبه‌تی به‌ریتانیا و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له پێناو بونیادنانی پرۆژه و كاراكردنی گشت كه‌رته‌كان و بونیادنانه‌وه‌ی ژێرخانی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رۆك بارزانی سه‌قامگیری سیاسی و ئیداری هه‌رێمی كوردستان و پێشكه‌وتنه ئابووری و بازرگانییه‌كانی هه‌رێمی روون كرده‌وه و كراوه‌یی تێكرای ده‌رگاكانی هه‌رێمیشی به‌ڕووی كۆمپانیا ئابووری و بازرگانییه‌كانی به‌ریتانیادا دووپات كرده‌وه و بوونی ئه‌نجومه‌نێكی لەوشێوەیەشی وه‌ك كه‌ناڵێكی دیكه بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌ریتانیا هه‌ڵسه‌نگاند.
پاشان گفتوگۆیه‌كی كراوه له نێوان سه‌رۆك بارزانی و ئه‌ندامانی شانده‌كه به‌رێوه‌چوو كه تیایدا چه‌ندین ته‌وه‌ری په‌یوه‌ندیدار به ره‌وشی ئابووری هه‌رێمی كوردستان روونتر كرانه‌وه.




