٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر: لە پێنج مانگی رابردوودا 3601 كەس دەستگیر كراون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر - تایبەت بە / KDP.info بەپێی زانیارییە رەسمییەکانی پۆلیسی هەولێر، لە پێنج مانگی رابردوودا هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر 1921 تۆمەتباریان قۆڵبەست كردووە و رادەستی بنكەكانی پۆلیس و ئاسایشیان كردوون. هەروەها 1360 كەسیش بە تاوانی شەڕی ئاسایی، لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر كراون.

ررائید سەران لەتیف نەجم بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر، رایگەیاند كە لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن 1921 تۆمەتباریان دەستگیر كردووە و رادەستی بنكەكانی پۆلیس و ئاسایشیان كردوون كە بە تاوانی جۆراوجۆر تۆمەتبار كراون.

بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر، روونیشی دەكاتەوە كە بە تاوانی شەڕی ئاسایی، 1360 كەس قۆڵبەست كراون و چەندین كەسیش كە شەوانە بە سەرخۆشی تەقەیان كردووە، لە لایەن هێزەكانیانەوە دەستگیر كراون، ئەمە بێجگە لە دەستگیركردنی 146 كەسی سەرخۆش كە كێشەیان دروست كردووە و خەڵكیان جاڕس كردووە.

سەران لەتیف هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە هەر لەو پێنج مانگەدا، 88 كەسیان بە گومانی دزیكردن دەستگیر كردووە و چەندین رووداوی ئاگر كەوتنەوەشیان بە هاوكاریی بەرگریی شارستانی كۆنتڕۆڵ كردووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر وێڕای ئاماژەدان بە قۆڵبەستكردنی چەندین كەس بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەقۆ و حەبخواردن، روونی دەكاتەوە كە لەو پێنج مانگەدا 50 ئۆتۆمبێلی سەرپێچیكاریش دەستیان بەسەردا گیراوە.

رائید سەران دەڵێت:  هێزەكانمان لەو ماوەیەدا 86 كەسی گومانلێكراویان دەستگیر كردووە و 54 نەخۆشیشیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەكان، ئەمە جگە لەوەی كە 42 ئافرەت و كچ هەر لەو ماوەیەدا كێشەیان هەبووە و گەیەنراونەتە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان. هەروەها 7 منداڵیش دۆزراونەتەوە و رادەستی خاوەنەكانیان كراونەتەوە.

گوتیشی:  وەك پۆلیسی فریاكەوتن، داوامان لە هاووڵاتیان ئەوەیە لە كاتی روودان و كۆنتڕۆڵكردنی كێشەدا زیاتر هەماهەنگیمان بكەن و قەرەباڵغی دروست نەكەن، داوا لە شوفێرانیش دەكەین هاوكارمان بن بە تایبەت لەو كاتانەدا كە ئۆتۆمبێلی تیمەكانی پۆلیس سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەركەكانی خۆیانن.

هەواڵی پەیوەندیدار