سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان زنجیرە تەقینەوەکانی ئەمڕۆى ئیدانە كرد

سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە بارەی زنجیرە تەقینەوەکانی ئەمڕۆدا، لە بەیاننامەیەکدا داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکات، دان بە خۆیان دابگرن و بوار نەدەن ئەو پەلامارە تیرۆریستیانە شەڕ لە نێوان برایەتی پێکھاتەکاندا دروست بکات.
لە بەیاننامەکهدا ھاتووه" بە خەموپەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ھەواڵی زنجیرە تەقینەوەیەکی خوێناوی و تیرۆریستی پێمانگەیشت کە لە چەند ناوچەیەکی بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی کەرکوک، نەینەوا، کەربەلا، حلە و بەعقوبە روویانداوەو کۆمەڵێک میوانی شیعەی بەشدار بوو لە یادی شەھید کردنی ئیمام موسا کازم سەلامی خوای لێبێت و چەند بارەگای پارتە کوردستانییەکانیان کردۆتە ئامانج کە بەھۆیانەوە دەیان کەس شەھید و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.
ئێمە لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ئیدانە و پرۆتستۆی ئەم جۆرە پەلامارە تیرۆریستیانە دەکەین و داوا لە ھەموو لایەکیش دەکەین زۆر ھۆشیاربن بەرامبەر بەوەی ئەمڕۆ روویدا و بۆتە مایەی کوشتن و وێرانکاری، لە ھەمانکاتدا جەخت لەسەر ھێمنی و ھۆشیاری دەکەینەوە بۆ ئەوەی ئەم پەلامارە مەبەستدارانە نەبنە ھۆکاری ھەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان برایەتی پێکھاتەکانی وڵاتدا.
ھەروەھا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیان دەکەین و لە خوداوەند دەپاڕینەوە کە ھێمنی و ئارامیان پێ ببەخشێت و گیانی شەھیدەکانیش بە بەھەشتی پان و بەرین شاد بکات و شفای زوو چاکبوونەوەش بە بریندارەکان ببەخشێت.




