عەبدوڵڵا گول: وڵاتانی رۆژئاوایی لە بەرامبەر سوریا بێدەنگن

رەیحانلی- KDP.info/ لە چوارچێوەی سەردانی خۆی بۆ شاری رەیحانلیدا سەرۆك كۆماری توركیا عەبدوڵڵا گول باسی بارودۆخی سووریا و هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوایی لە بەرامبەر بارودۆخی سوریا كرد.
بە پێی هەواڵێكی ماڵپەڕی ئاخەبەری توركی سەرۆك كۆماری توركیا عەبدوڵلا گول لە دیداری خۆی لە گەڵ خەڵكی شاری رەیحانلیدا تەقینەوەكانی حەفتەی رابردووی ئەم شارەی بە نانەوەی ئاژاوە و ترساندنی توركیا لە پشتگیری كردنی خەڵكی توركیا وەسف كردووە و گوتوویەتی: ئارمانجی ئەم تەقینەوانە ئەوەیە كە توركیا ناچار بكەن واز لە پشتگیری كردنی خەڵكی سووریا بهێنێت.
سەرۆك كۆماری توركیا لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا باسی سیاسەتی وڵاتانی رۆژئاوایی لە بەرامبەر سوریا كردووە و رایگەیاندووە كە وڵاتانی رۆژئاوایی بە هیچ شێوەیەك نایانەوێ قەیرانی سووریا چارەسەر بكرێت چوونكە ئەگەر ویستبایانا ئەوا خۆیان لە مەسەلەكە نەدەدزیەوە و پێكەوە بریارێكیان دەردەكرد و پشتگیری خەڵكی سوریایان دەكرد.
عەبدوڵلا گول جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە توركیا لە هەڕەشە و هێرشی هیچ كەس و لایەنێك ناترسێت و تا ئەو جێگایەی بۆی بكرێت لە دژی رژێمی بەشار ئەسەددا پشتگیری لە خەڵكی سوریا دەكات.




