خۆپاڵاوتنی ئافرەت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری ئێران رەتكرایەوە

تاران- KDP.info/ هاوكات لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری لە ئێران زیاتر لە 30 ژنیش خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە پاڵاوتبوو، بەڵام بە بڕیاری ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور خۆكاندیدكردنی ئەو 30 ئافرەتە ئێرانییە رەتكراوەتەوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەر ئونلینی ئێرانی بڵاویكردۆتەوە كە بە مەبەستی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی پۆستی سەرۆك كۆماری ئێراندا 30 ئافرەت خۆیان كاندید كردبوو و دەستیان بە ئامادەكاری بۆ پرۆپاگەندەی خۆیان كردبوو كەچی دواتر بە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستوری ئێرانەوە بەشداریكردنی ئەو 30 ئافرەتە لە هەڵبژاردنەكاندا رەتكرایەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو سی پاڵێوراوە دوای بیستنی بڕیاری ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوری ئێران دەستیان بە دەربڕینی نارەزایەتی كردووە و پێدەچێت كە بۆ ئەم مەبەستە داوا لە رابەری شۆڕشی ئێران بكەن كە مۆڵەتی بەشداریكردنیان پێبدات.




