فەهمی كۆڕۆ: توركیا زەمینەی بۆ جیا بوونەوەی كورد لە عێراق خۆش كرد

ئەستەنبۆڵ- KDP.info/ نووسەر و رۆژنامەنووسی ناوداری توركیا فەهمی كۆڕۆ لە بەرنامەیەكی تایبەتی كاناڵی خەبەر توركدا باسی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و توركیای كردووە و رایگەیاندووە كە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و كوردستان لە ئاستی هەرە بەرز و بەهێزی خۆیاندان.
فەهمی كۆڕۆ لە بەشێكی ئەم بەرنامەیەدا گوتوویەتی: پێشتر توركیا نەیدەویست كە لەگەڵ كوردستانی عێراقدا ببێتە خاوەن پەیوەندییەكی باش و بەهێز بەڵام دواتر بە هۆی گۆڕینی سیاسەتی توركیاوە، بەرپرسانی توركیا ناچار مان كە پەیوەندییەكانی خۆیانیان لە هەر روویەوە لەگەڵ كوردستانی عێراقدا بەهێز بكەن.
ناوبراو باسی ئەوەی كردووە كە پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان توركیا و كوردستانی عێراق گەیشتوونە ئاستێك كە توركیا ئامادەیە بە یەكجارەكی واز لە بەغدا بهێنێت و خۆی زیاتر نزیكی هەولێر بكاتەوە.
توركیا ئەمرۆ گەیشتووتە ئەو باوەرەی كە نەتەنیا پشتگیری لە جیابوونەوەی كورد لە عێراق دەكات بگرە بە نۆبەی خۆیشی بۆ جیابوونەوەی كورد لە عێراق زەمینە خۆش دەكات و ئەمریكایش لەم بارەیەوە بە نەرمی نزیكی توركیا دەبێت و چوونكە پەیوەندییە ئابوورییە بەهێزەكانی نێوان توركیا و كوردستانی عێراق سوودیشیان بۆ ئەمریكا هەیە بە تایبەتی لە بواری وزەوە.
كۆڕۆ لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە چاڵە نەوت و گازەكانی كوردستانی عێراق وای لە توركیا و ئەمریكا كردووە كە لە خۆیان دەپرسن كە ئەگەر كورد لە عێراق جیا ببێتەوە چی روو دەدات؟ با جیا ببێتەوە باشترە چوونكە بە لانی كەمەوە دەتوانین سوود لە سەرچاوە نەوتی و وەزەكانی ئەو ناوچەیە وەربگرین.




