زانكۆی سۆران كەمپینێكی ژینگە پارێزی لە ژێر دروشمی وەك بەرزایی چیاكانمان سەرمان بەرزە سازدا

سۆران- KDP.info/ لە ژێر دروشمی ( وەك چیاكانمان سەرمان بەرزە) زانكۆی سۆران، بە بەشداری 30 قوتابی فاكەڵتیی ئاداب، بەشی زمانی ئینگلیزی و د. ئەلێكساندرا ئیۆنیدۆ، شارەزا لەبواری ژینگەو مامۆستا لە زانكۆی سۆران، بەهاوكاری رێكخراوی سروشتی عێراق، كەمپینێكی ژینگەپارێزی راگەیاند.
لە سەرەتایی كاروچالاكییەكانی كەمپینەكەدا (د. ئەلێكساندرا ئیۆنیدۆ) مامۆستا لە زانكۆی سۆران، لە چوارچێوەی سیمینارێكدا پوختەی شێوازەكانی هەڵسەنگاندن و مەترسیەكانی سەر ژینگەی شیكردەوە.
(دكتۆر ئەلێكساندرا ئیۆنیدۆ) لە لێدوانێكیدا بۆ kdp.infoراگەیاند: " بە دوو شێواز لە دوو شوێنی جیا بەڕێوەدەچێت، شوێنی یەكەم لەنێو شاردا لەسەر جۆگەڵەو ئاوی نزیك چواریانی ئاڵا لە شاری سۆران و شوێنی دووەم لەسەر رووباری باڵەكیان و نزیك ئەو سەرچاوە ئاویانەی كە دەرژێنە نێو رووبارەكە بەڕێوەدەچێت. بەدەر لە پاك راگرتن و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری بۆ ئەوەی تاكەكان رێز لە ژینگە بگرن، بەشێوەیەكی دیكەش قوتابیە بەشداربووەكان ئاشنادەكرێن بە تەكنیك و بنەما سەرەكیەكانی تاقیكردنەوەی ئاو بۆ رێژەی (ph)و نیترات و ئۆكسجین و (TDS)و لێلی و روونی، دوای تاقیكردنەوە چەند نموونەیەك لە هەڵسەنگاندنەكە وەردەگیرێن لە نزیك چواریانی ئاڵاو دوای ئەوەش تاقیكردنەوەو هەڵسەنگاندنەكان بەردەوام دەبن لە رووبارەكە، چونكە ئەم رووبارە چەندین جۆگەڵە ئاوی نێو شاری تێكەڵ دەبێت". ئەم مەترسیانەی كاریان كردۆتە سەر پیس بوونی ژینگەو وەكو مەترسیەكیش دادەنرێت بۆ سەر ژینگە بریتین لە شوێنی دەركردنی كارگەی چەو قوم لەنێو رووبارو پیسبوونی بەهۆی پاشەڕۆكانی وەكو پەتڕۆڵ و گازوایل و پاشەڕۆی ماڵان، كە ئەمەش وادەكات زیندەوەرو سروشت و ئەم ئاژەڵانەی كە نزیك لەم رووبارو سەرچاوەكانی دیكە كە بەو هۆكارانە پیس دەبن زیانیان پێ بگات و لەناو بچن. هەر لە چوارچێوەی كەمپینی ژینگە پارێزی لە زانكۆی سۆران، بەشێوەی گرووپ گرووپ، هەڵسان بە پاككردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان و سەرچاوە ئاوییەكان و نزیك رووبارو شوێنە گشتیەكان و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و پێدانی رێنمای بە هاووڵاتییان لە دەڤەرەكە. ئەم شارەزایەی بواری ژینگە لە زانكۆی سۆران، راشیگەیاند"لە كەمپینەكەیان بەردەوام دەبن و بەشێوەیەكی دیكە كارەكانیان پەرە پێدەدەن و پڵانی ئەوەیان هەیە كە بەشێوەیەكی مەیدانی نێو بازاڕو شوێنە گشتیەكان و دەروازەی شارە پاكبكەنەوەو بەردەوام بن لە پێدانی رێنمایی و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری". گووتیشی "بەشداربووانی كەمپینەكە جل و بەرگێگی تایبەت دەپۆشن كە لۆگۆی زانكۆی سۆران و دروشمی (وەك چیاكانمان سەرمان بەرزە) لەسەر جل و بەرگە كە دەبێت".
ناوبراو پێیوابوو گەشتوگوزار و چالاكییەكانی پەیوەندییەكی بەهێزیان بە ژینگەوە هەیە، چ سروشتی بێت یان مرۆڤی، چونكە زۆربەی كات ژینگە بەسەرچاوەی گرنگی گەشتوگوزار دادەندرێت، بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەكانی ژینگە لە گەشەسەندن و پەرەپێدانی گەشتوگوزاردا بەشداری دەكات، بەو مانایەی كە ژینگەو گەشتوگوزار بەیەكەوەن. هەر لەمیانەی ئەم كەمپینەی زانكۆی سۆران لە ژێر دروشمی "وەك چاكانمان سەرمان بەرزە" جگە لەوەی وانەی ژینگەی و هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە لەنێو شارو شوێنە گەشتوگوزارییەكان و بڵاوكردنەوەی پۆستەر و رێنمایی ژینگەیی لە قوتابخانەو شوێنەگشتیەكان ئەنجام دەدرێت و ئاماژەی بە مەترسیەكانی پیسبوونی ژینگە لەسەر ژیانی مرۆڤ دەكات.




