٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك پارت و لایەنی سیاسیی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە

سەرچاوە: KDP.info

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی5ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك پارت و لایەنی سیاسیی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرەتا سەرۆك بارزانی باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای كرد و ئامادەبووانی لە ڕەهەندەكانی قەیرانی سیاسیی عێراق ئاگادار كردەوە و ڕێككەوتنی نێوانی هەولێر و بەغدایشی بە دەستپێكێك زانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەو مەرجەی كە بكەوێتە بواری جێبەجێكردن. هەروەها سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا كرد و بە دەرفەتێكی باشی زانی بۆ ئەوەی دۆزی ڕەوای كورد لە توركیا بەرەو پێشەوە بچێت و هیواشی خواست لایەنەكان بە وردی و بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ پڕۆسەی ئاشتیی بكەن لە توركیا و هەوڵی سەرخستنی بدەن. پاشان بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بارودۆخی سووریای بۆ ئامادەبووان شیكردەوە و داوایشی لە لایەنە سیاسییە كوردییەكانی سووریا كرد كە بە برایەتی و لێكتێگەییشتن و هاوكاری كار بۆ مسۆگەركردنی مافەكانی گەلی كورد بكەن.
بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی دەستوور و هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی قسەكانی سەرۆك بارزانی بوون و لەبارەی مەسەلەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمیش سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر پێویستیی بوونی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ ئەوەی دەروازەیەك بێت بۆ تۆكمەتربوونی پڕۆسەی سیاسی و دامودەستگەی ئیداری و سیادیی هەرێمی كوردستان. هەر لەسەر بابەتی دەستوورەوە بەڕێز عەدنان موفتی سەرۆكی پێشووی پارلەمانی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە دوورودرێژی قۆناغەكان و وردەكاریی ئامادەكردنی ڕەشنووس و پڕۆسەی دەنگدان و تەواوكردنی قۆناغە یاساییەكانی تێپەڕاندنی پڕۆژەی دەستوور لە خولی پێشووی پارلەمان بۆ كۆبوونەوەكە شیكردەوە.
دواتر دەرگەی گفتوگۆ لەبارەی پرسە سیاسییەكانی بۆ ئامادەبووان كرایەوە و هەموو بەشداربووان زۆر بە ڕاشكاوی لەسەر بابەتەكان دوان و جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە لایەنە سیاسییەكان لەو كەشە قەیرانیاوییەی لە ناوچەكەدا هەیە پێویستە لەبەرانبەر هەڕەشەكاندا یەكهەڵوێست بن و پاڵپشتیی خۆیانیش بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا دووپات كردەوە. لایەنە بەشداربووەكان لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە گرفتە سیاسییە ناوخۆییەكانی هەرێم پێویستە بە ڕۆحێكی هەست بە بەرپرسیارێتی چارەسەر بكرێن و دەبێ لە گشت وێستگە چارەنووسسازەكاندا ڕێز لە ئیرادەی گەل بگیرێت.
شایانی باسە ئەم پارت و لایەنە سیاسییانە بەشداری كۆبوونەوەكە بوون:
بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان
حزبی شوعی كوردستان
حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان
بزووتنەوەی چاكسازی توركمان
لیستی توركمانی هەولێر
ئەنجوومەنی میللی كلدانی و سریانی و ئاشوری
بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشوری
لیستی ئەرمەن لە پەرلەمان
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان

 

هەواڵی پەیوەندیدار