سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی مسر لە عێراق دەكات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی 5ـی 2013 لە هەولێری پایتەخت بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شەریف شاهین باڵیۆزی مسر لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی مسر سەرەخۆشی خۆی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بەبۆنەی كۆچی دوایی خوشكی بەڕێزیانەوە. پاشان باسی پەیوەندییە مێژوویی و كولتوورییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی مسری كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بە بوونی پەیوەندیی بەردەوامی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری مسر و هێماشی بەوەدا كە سەرۆكوەزیرانی مسر لە ئاییندەیەكی نزیكدا سەردانی كوردستان دەكات. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باڵیۆزی مسر ئاماژەی بەو ڕۆڵە ئیجابی و كاریگەرە دا كە سەرۆك بارزانی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ ئاشتەوایی نیشتیمانی و لەیەكنزیككردنەوەی لایەنە ناكۆكە عێراقییەكان گێڕاویەتی و هیواشی خواست كە بەشەكانی دیكەی عێراق سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەربگرن لە بەرقەراربوونی دیموكراسی و سەقامگیری لە وڵاتدا.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی سوپاس و بەخێرهاتنی باڵیۆز و شاندی میوانی كرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی جەوهەریی و مێژوویی مسر لە ناوچەكەدا كرد و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە گەلی كوردستان هەمیشە ویستوویەتی پەیوەندیی سیاسی و كولتووریی بەهێزی لەگەڵ دەوڵەتی مسردا هەبێ و هەڵوێستی كۆماری مسریشی لە ساڵانی ڕابردوو لەبەرانبەر دۆزی ڕەوای كورد بەرز هەڵسەنگاند. هیوایشی خواست پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و كولتوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و مسر گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.




