دانیشتوانی گوندی وارگەنمان هەرەشە لە حكوومەتی توركیا دەكەن

هەكاری- KDP.info/ هاوكات لە گەڵ پەرەسەندنی كار و خەباتی سوپای توركیا بۆ دامەزراندنی ژمارەیەك بنكەی سەربازی نوێ لە ناوچە سنوریەكاندا رۆژی چوارشەممە دانیشتوانی گوندی وارگەنمان دەستیان بە خۆپیشاندانێك كرد و هەڕەشەیان لە حكوومەت و سوپای توركیا كرد كە ئەگەر ئاواكردنی بنكە سەربازییەكان رانەگرن ئەوا گوندەكەیان چۆڵ دەكەن.
لەمبارەیەوە ماڵپەری یوكسەكئۆڤا خەبەر بڵاویكردۆتەوە كە هاوكات لە گەڵ دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا، حكوومەتی توركیا دەستی بە هەڵمەتێكی بەرفراوان بۆ ئاوەدان كردن و دامەزراندنی بنكەی سەربازی نوێ لە ناوچە سنوریەكاندا كردووە.
لەم چوارچێوەیەشدا لە دەوروبەری گوندی وارگەنمان لە ناوچەی یوكسەكئۆڤای هەكاریدا سوپا سەرقاڵی دامەزراندنی دوو بنكەی سەربازی نوێیە و دانیشتوانی گوندەكەش دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە و نارەزایەتی خۆیان لە بەرانبەر دامەزراندنی بنكەی سەربازی نوێ دەردەبڕن.
دانیشتوانی گوندی ناوبراو ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەگەر حكوومەت كاری دامەزراندنی بنكە سەربازییە نوێیەكان رانەوەستێنێت ئەوا گوندەكەیان چۆڵ دەكەن و روو لە شوێنێكی دیكە دەكەن.
دانیشوانی گوندی وارگەنمان جەختیان لە سەر ئەوە كردۆتەوە كە دڵیان بە قۆناغی چارەسەری و ئاشتەوایی خۆش بووە، بەڵام دامەزراندنی ئەم بنكە سەربازیانە بووەتە هۆكاری ترس و دڵەڕاوكێ و دەڵێن لە سەردەمی دەسەڵاتی سەربازیدا ئەوەندە بنكەی سەربازی دانەمەزراوە، بەڵام لەم قۆناغەدا دەوڵەت دەستی بە دامەزراندنی ئەم ژمارە زۆرە كردووە و نازانین مەبەستی دەوڵەت لەم هەڵوێستە چییە؟




