پرۆژەیەك بۆ قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووانی دەستی رژێم ئامادە دەكرێت

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / بەپێی گوتەی ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئێستە فراكسیۆنە كوردیەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكی تایبەتن بە قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی لەساڵانی رابردوو لەسەر دەستی رژێمی بەعسی رووخاو زەرەرمەندبوون لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق.
بورهان محمد فەرەج ئەندامی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ kdp.info گوتی: بەمەبەستی قەرەبووكردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی كە لە ساڵانی رابردوو لەسەر دەستی رژێمی بەعسی رووخاو زەرەرمەند بوونە جا چ لە هەرێمی كوردستان بێت چ لە ناوچەكانی تری عێراق ئێمە وەك سەرجەم فراكسیۆنە كوردیەكیانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ دارشتنی پرۆژە یاسایەكی تایبەت بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت.
گوتیشی: هاوشێوەی كوتلە كوردیەكان هەریەك لە لیستی دەوڵەتی یاسای و لیستی عێراقیەش سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكی هاوشێوەی ئەوەی ئێمەن و هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا لەرێگەی گفتوگۆ و دانیشتن چەپكێك پرۆژ یاسای گرنگ بەدەست بهێنین بۆ ئەوەی بە تێكڕا یاسایەكی گرنگ و باشی لێ دەربچێت و لەپەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكرێت.




