کەرکوک.. هێزەکانی ئاسایش 3 دزی دەستگیرکرد

کەرکوک - KDP.info / لەگەڕەكی دۆمیز لەباشوری شاری كەركوك هێزەكانی ئاسایشی سێ كەسیان بەتۆمەتی دزیكردن دەستگیركرد و پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی كەركوكیش گەنجێكی بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ دزینی پرسیاری تاقیكردنەوەكان لە خوێندنگەیەكدا دەستگیركرد.بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندنی ئاسایش فەرهاد حەمە عەلی رایگەیاند: دوای بڵاوبونەوەی دیاردەی دزیكردن لە گەڕەكی دۆمیز لە باشوری شاری كەركوك، هێزەكانیان دوای چاودێریكردن چەند كەسێكیان لەو گەڕەكە دەستگیركردوە.فەرهاد حەمە عەلی راشیگەیاند : هەڵمەتەكەیان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بووە و توانیویانە سێ كەس لە دزەكان دەستگیر بكەنو ئەو كەسانە دانیان بەوەداناوە ژمارەیەك تاوانی دزییان كردوە.فەرهاد حەمە عەلی ئاماژەی بەوەشداوە هەر لەو هەڵمەتەدا هیزەكانیان لەماڵی دزەكاندا دەستیانگرتوە بەسەر 30 مسقاڵ زێڕو لاپتۆپێكدا كە ئەو كەسانە لە ماڵێكدا دزیویانەو دوای دەستگیركردنیشیان ئەو كەسانە رەوانەی دادگا كراون. هەر لە شاری كەركوكو لەناوچەی رێگەی بەغداد شەوی رابردوو هێزەكانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان گەنجێك دەستگیركرد كە بەوتەی خۆیان “هەوڵیداوە پرسیار تاقیكردنەوەكان لە خوێندنگەی بارز بدزێتو دواتر بیدات بەو قوتابیانەی كە تاقیكردنەوەیان هەیە. بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە كەركوك عوسمان عەبدوڵا راگەیاند: ئەو گەنجە سەرەتا لەلایەن پاسەوانی خوێندنگەكەوە دەستگیركراوەو دواتر رادەستی ئەوان كراوە.




