پێنج هەزار دۆلاری ساختەو ئۆتۆمبیلێكی دزراو لە سۆران دەست بەسەر كران

سۆران- KDP.info/لەمیانەی كاروچالاكیەكانی پۆلیسی سۆران بە هاوكاری لایەن و جەماوەر بەردەوام سەرپێچی كاران لە رووی دزی و كاری ساختەوە دەستگیر دەكرێن و بەپێی یاسا مامەلەیان لەگەڵدا دەكرێت.
بۆ ئەم مەبەستە (نەقیب محمەمەد عەلی) بەرپرسی بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران رایگەیاند: دوانیوەڕۆی رۆژی 14/5 لەنێو بازاری سۆران دوو كەس بە بڕێك پارەی ساختەوە دەستگیركران. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "كاتژمێر 2:00ی رۆژی 14/5 بە هاوكاری كارمەندێكی ئاسایش توانیمان دوو كەس بە ناوەكانی (ی،ج)و (ا،ق) دانیشتوی ئێران، لەنێو بازاری سۆران دەستگیربكەین، كە پێنج هەزار دۆلاری ساختەیان پێبووە". نەقیب محەمەد وتیشی: "28/4ی مانگی رابردوو ئاگاداركراینەوە كە ئۆتۆمبێلێك لە جۆری BMWلە وڵاتی توركیا دزراوەو ئێمەش توانیمان لە سۆران دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا بگرین و ئێستا ئەو كەسەی ئۆتۆمبێلەكەی لەلابووەو ئەو كەسەی كە یەكەم جار ئۆتۆمبێلەكەی كڕیوە دەستگیركراون و لێكۆڵینەوە بەردەوامە". هەر لەو كۆنگرەیە رۆژنامەوانیەدا، نەقیب محەمەد رایگەیاند: "9/4 هاوڵاتیەك سكاڵای لای ئێمە تۆماركرد كە مۆبایلێكی لێ دزراوەو دوای لێكۆڵینەوە توانیمان تۆمەتبارێك بەناوی (د،ب) تەمەن 27 ساڵ لە قەزای سۆران – جوندیان دەستگیر بكەین. لەلایەكی ترەوە لە 5/5 هاوڵاتیەك بەناوی (ئەسعەد سمایل) سكاڵای لای ئێمە تۆماركرد، كە دوكانەكەی لە شارۆچكەی دیانا بڕاوەو دوای لێكۆڵینەوە توانیمان تۆمەتبارێك بەناوی (ا،ك) تەمەن 15 ساڵ دەستگیربكەین".




