بە هۆی موسڵمان بوون ئەندامیەتی توركیا لە یەكێتی ئەورووپا دواخرا

ئەستەنبۆڵ- KDP.info/ وەزیری پێشووی دەرەوەی بەریتانیا جاك ستراوو رایگەیاند كە یەكێتی ئەورووپا نایەوێت وڵاتێكی موسڵمان وەكو توركیا بكاتە ئەندامی خۆی بۆیە تا ئەمرۆ مەسەلەی بە ئەندام بوونی توركیا لە یەكێتی ئەورووپادا چارەسەر نەكراوە.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی دونیا بوولتەنی توركی ئاماژەی بەوە كردووە كە وەزیری پێشووی دەرەوەی بەریتانیا جاك ستراوو لە كۆبوونەوەی توركیا و ئەورووپا كە لە لایەن ناوەندی سیاسەتە ئابوورییەكانی توركیاوە رێكخراوە گوتارێكی پێشكەش كردووە و ئاماژەی بە پێشكەوتنی بواری ئابووری توركیاداوە و گوتوویەتی: توركیا ئەگەر نەیتوانی بێت لە رووی سیاسییەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەو پێشەوە بروات ئەوا لە رووی ئابوورییەوە پێشكەوتنی زۆر باشی بە دەستەوە هێناوە بۆ نموونە نەمانی قەرزی سەندوقی دراوی جیهانی لە سەر توركیا پێشكەوتنێكی یەكجار گەورەیە بۆ ئابووری توركیا.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باسی پەیوەندی نێوان یەكێتی ئەورووپا و توركیای كردووە جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە یەكێتی ئەورووپا بە هۆی موسڵمان بوونی توركیاوە تا ئێستە مەسەلەی بە ئەندام بوونی توركیای چارەسەر نەكردووە و ئەم یەكێتییە نایەوێ وڵاتێكی موسڵمانی وەكو توركیا بكاتە ئەندامی خۆی و ئەمەیش یەكێكە لە سەرنەكەوتنە سیاسییەكانی توركیا.




