كۆتایی ئەم مانگە ناوی قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان تۆماردەكرێت

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / بەپێی گوتەی سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئێستە كۆمسیۆن سەرقاڵی قۆناغەكانی ئامادەكاری هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان و هەرێمی كوردستانە و لەكۆتایی ئەم مانگەو سەرەتای مانگی ئایندە دەرگا واڵا دەكرێت بۆ قەوارە سیاسییەكان و هاوپەیمانیەتییەكان و كاندیدەكان بۆ ئەوەی ناوی خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە تۆمار بكەن.
عەبدولرەحمان خەلیفە بەرپرسی پەیوەندییە جەماوەرییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە لێدوانێكیدا بۆ kdp.infoگوتی: ئێمە وەك كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئێستە سەرقاڵی ئامادەكارییەكانین بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بەپێی خشتەیەكی كاتی بەڕێوەدەچێت و قۆناغ بە قۆناغ جێ بەجێ دەكرێت و سەرەتای قۆناغەكە كە كۆتایی ئەم مانگەو سەرەتای مانگی ئایندەیە دەست دەكرێت بە تۆماركردنی ناوی قەوارە سیاسییە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن دواتر ناوی هاوپەیمانیەتییەكان تۆمار دەكرێت و دواتریش ناوی كاندیدەكان.
گوتیشی: كۆمسیۆن پلانێكی هۆشیاركردنەوەی دەنگدەرانی هەیە كە بەسەر دوو قۆناغدا دابەشكراوە یەكێكیان تۆمارنامەی دەنگدەرانەو ئەوی تریان بۆ رۆژی هەڵبژاردنە و ئێستە بەشێكی ئامادەكارییەكان ئەنجامدراوەو رۆژی 16 ی مانگی ئایندە دیاریكراوە بۆ تۆمارنامەی دەنگدەران.




