ئیحسان عەلی ئاجێق: پێویستە ناوی كۆماری توركیا بگۆڕدرێت

ماردین- KDP.info/ رۆژی دوو شەممە لە ناوچەی قوسەری سەر بە شاری ماردین لە باكووری كوردستاندا سمینارێك لە سەر قۆناغی چارەسەریی لە ژێر ناوی "پرسی كورد و چارەسەری ئاشتیانە" بۆ شارەزای ناوداری ئیلاهییاتی توركیا پروفسۆر دكتور ئیحسان عەلی ئاجێق ساز كراوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی ئاڤێستا بڵاویكردەوە كە لەم سمینارەدا پسپۆری ئیلاهییاتی توركیا ئیحسان عەلی ئاجێق كە بە سەرۆكی موسڵمانە دژە كاپیتالیستەكانی توركیا ناسراوە، باسی ئەوەی كردووە كە ئەگەر توركیا و دەوڵەتی توركیا دەیانەوێت پرسی كورد چارەسەر بكەن، ئەوا پێویستە گۆڕانكاری سەرەكی لە نێو دەستوور و سیستەمی سیاسی وڵاتدا بكەن.
ناوبراو ئاماژەی بە ناوی كۆماری توركیا داوە و گوتوویەتی: یەكێك لە گۆڕانكارییە پێویستەكان ئەوەیە كە دەبێت ناوی كۆماری توركیا بگۆڕدرێت و بكرێتە كۆماری گەلی ئاناتولیا چونكە ناوی كۆماری توركیا هەر هەمووی پێكهاتەكانی توركیا ناگرێتە نێو بازنەی خۆیەوە، بۆیە پێویستە ناوێك بۆ سیستەمی نوێی توركیا دەستنیشان بكرێت كە هەر هەمووی پێكهاتەكان لە باوەش بگرێت.
ئیحسان عەلی ئاجێق جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە لە وڵاتێكدا كە چەندین پێكهاتەی جیاجیا دەژین، دەستنیشان كردنی ناوێكی رەگەزپەرەستانە لە چوارچێوەی ناسنامەی یەكێك لە پێكهاتەكاندا ناسەردەمییانەیە و دەبێتە سەرچاوەی كێشە و ئاڵۆزی.




