رۆشنبیرەكانی توركیا داوای كۆنفرانسی ئاشتی و دیموكراسی دەكەن

دیاربەكر- KDP.info/ رۆژی دوو شەممە ژمارەیەكی زۆر لە رۆشنبیر و نووسەرە ناودارەكانی توركیا لە شاری دیاربەكر كۆ بوونەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا داوای سازكردنی كۆنفرانسێك بە ناوی كۆنفرانسی ئاشتی و دیموكراسیان كرد.
بە پێی هەواڵێكی ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر لەم كۆنفرانسەدا كە رۆشنبیرانی وەكو یاشار كەمال، تارێق زیا ئەكنجی، وەدات توركەلی، ئورهان پامۆك، مۆراتخان مۆنگان، رەكەل دینك و دكتور یاقین ئەرتورك تێیادا بەشدار بوونە باسی داهاتووی توركیا و مەسەلەی پێكەوە ژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێكهاتەكانی توركیا كراوە و رایانگەیاندووە كە پێویستە پێكهاتەكانی توركیا سەبارەت بە چۆنیەتی داهاتووی توركیا بڕیار بدەن.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە رۆشنبیرەكانی توركیا جەختیان لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە پێویستە بۆ ئەوەی كە ئاشتەوایی و پێكەوە ژیان باڵ بە سەر توركیادا بكێشێت، خەڵك و پێكهاتەكانی توركیا لە سەر داهاتووی خۆیان و داهاتووی توركیادا بڕیار بدەن و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە لە سەرانسەری توركیادا كۆنفرانسی ئاشتی و دیموكراسی ساز بكرێت تا خەڵك بڕیار لە سەر داهاتووی خۆی بدات.




