ئەردۆغان: ئامانجی هێرشەكانی رەیحانلی نانەوەی ئاژاوە لە توركیایە

ئەنقەرە- KDP.info/ سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان رۆژی یەك شەممە لە ئەنقەرە رایگەیاند كە ئامانجی تەقینەوەكانی شاری رەیحانلی توركیا، نانەوەی ئاژاوە و نیفاق لە نێو پێكهاتەكانی توركیایە.
لەم بارەیەوە رۆژنامەی زەمانی توركی بڵاوی كردۆتەوە كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان لە ئاهەنگێكدا كە بە بۆنەی رۆژی جیهانی دایكانەوە لە لایەن رێكخراوە ناوەندییەكانی ئاكەپەیەوە ساز كراوە گوتارێكی پێشكەش كردووە باسی تەقینەوەكانی شاری رەیحانلی كردووە.
بە پێ سەرچاوەكە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە چەند كەس و لایەنێك دەیانەوێ توركیا بكێشنە نێو ئاڵۆزی و ناكۆكییە نێوخۆییەكانی سووریاوە و هەر بۆیە بۆ ئەم مەبەستە چی لە دەستیان دێت ئەنجامی دەدەن.
ئەردوغان ئاماژەی بەوە كردووە كە تەقینەوەكانی شاری رەیحانلیش بۆ ئەم مەبەستە بوونە و دەیانەوێ بەمجۆرە توركیا رووبەرووی قەیرانی نێوخۆیی بكەنەوە و فتنە و ئاژاوە بخەنە نێو پێكهاتەكانی توركیاوە .
سەرۆك وەزیری توركیا دووپاتی كردووەتەوە كە توركیا و گەلانی توركیا بە هیچ شێوەیەك ناكەونە نێو ئەم بۆسە نامرۆڤانانەوە و بەو پەڕی سینگ فراوانییەوە رووبەرووی ئەم جۆرە كردەوانە دەبێتەوە.




