وەزارەتی دارایی: هیچ بڕە پارەیەك بۆ زیادكردنی مووچەی خانەنشینان تەرخان نەكراوە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەك سەبارەت بە زیادكردنی مووچەی ئەو خانەنشیانەی كە مووچەكەیان لە خوار 400 هەزارەوەیە بڵاودەكاتەوەو دەڵێت: ئێستە هیچ بڕە پارەیەك لەلایەن حكوومەتی ناوەندیەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان نەكراوە.
لە روونكردنەوەكەدا كە كۆپیەكی دەست kdp.infoكەوتووە هاتووە: سەبارەت بەو 100 هەزار دینارەی كە لە حكوومەتی ناوەند خەرج دەكرێت بۆ ئەو خانەنشینانەی كە مووچەكانیان لە 400 هەزار دینار كەمترە، ئێمە وەك وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنین: ئەو 100 هەزار دینارە نە لە یاسای بوودجەی پێشنیاركراوی عێراق هەبووە نە لە یاسای بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبووە كە لە پەرلەمان پەسەندكراوە جا لەبەر ئەوەش بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو مانگ پێش بودجەی گشتی عێراق پەسەندكراوە بۆیە روونی دەكەینەوە ئێستە هیچ تەرخانكراوێكی بۆ دابینەكراوە بەمەبەستی پێدانی ئەو بڕە پارەیە بۆیە وەك وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراقی فیدراڵ دەكەین ئەو بڕە پارەیە بۆ خانەنشینانی هەرێم خەرج بكات.
لە بەشی كۆتایی روونكردنەوەكەدا هاتووە: لەكاتی نەناردنی ئەو بڕە پارەیە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێم ئامارێك ئەنجام دەدات تاوەكو بزانرێت چەند خانەنشین لە400 هەزار دینار مووچەی كەمتر وەردەگرن، بۆ ئەوەی بەنووسراوێك پەرلەمانی كوردستان سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی لێ ئاگادار بكاتەوە بەمەبەستی چارەسەركردن.




