بەكر بۆزداغ: قۆناغ، قۆناغی دامەزراندنی توركیای گەورەیە

ئەستەنبۆڵ- KDP.info/ جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بەكر بۆزداغ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە ئەستەنبۆڵدا سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد رایگەیاند كە ئەم قۆناغە تەنیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد نییە.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی بڵاوی كردووەتەوە كە جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بەكر بۆزداغ وەڵامی ئەو رەخنانەی داوەتەوە كە بە هۆی دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردەوە ئاراستەی پارتی داد و گەشە پێدان و حكوومەتی توركیا كراون و گوتوویەتی: ئەم رەخنانە دوورن لە راستی و لە دژی بەرەژوەندییە گشتییەكانی توركیان چوونكە قۆناغی چارەسەری تەنیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد نییە بەڵكۆ سەرەتایەكە بۆ دامەزراندنی توركیایەكی گەورە و بەهێز.
بەكر بۆزداغ جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە كاتی ئەوە هاتووە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا توركیایەكی گەورە و بەهێز سەرۆكایەتی پێشكەوتنەكان بكات بەڵام پرسی كورد و سیستەمی سیاسی توركیا لە بەردەم سەرۆكایەتی كردنی توركیا و گەورە بوونی توركیادا ئاستەنگن هەر بۆیە توركیا ناچارە پرسی كورد چارەسەر بكات و سیستەمی سیاسی خۆیشی بگۆڕێت.




