دووەمین كۆبوونەوەی کۆمسیۆنی چارەسەری بەبێ ئەنجام كۆتایی پێهات
__2013_05_12_h10m55s31__GH.jpg)
ئەنقەرە- KDP.info/ دوای دامەزراندنی کۆمسیۆنی چارەسەری پرسی كورد لە لایەن پەرلەمانی توركیاوە، ئەو كومسیونە رۆژی هەینی دووەمین كۆبوونەوەی خۆی ساز كرد.
لەمبارەیەوە كاناڵی سی ئین ئینی توركی بڵاوی كردووەتەوە كە رۆژی هەینی لە پێنجەمین رۆژی دامەزراندنی خۆیدا دووەمین كۆبوونەوەی خۆی ساز كرد و سەرەتا كۆبوونەوەكە بە جۆش و خرۆشێكی گەرمەوە دەستی پێكرد و بەرنامەی كاری كومسیون تاوەتوو كرا.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی بەدەپە پێشیناری ئەوەیان كردووە كە پێویستە کۆمسیۆنی ناوبراو سەردانی ئیمراڵی و قەندیل بكات و لەگەل ئوجەلان و پەكەكەیشدا كۆ ببێتەوە و راو بۆچوونی ئەوانیش بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد وەربگرێت، بەڵام ئەم پێشنیارە لە لایەن نوێنەرانی جەهەپە و مەهەپەیەوە رەد كراوەتەوە و هەر بۆیە لە نێوان هەر چوار پارتی بەشدار لەم كۆبوونەوەیەدا شەڕ و دەمەقاڵە رووی داوە.
بە هۆی پەرەسەندنی دەمەقاڵەكان لە نێوان جەهەپە و مەهەپە و ئاكەپە و بەدەپەدا شەڕ رووی داوە و هەر بۆیە كۆبوونەوەكە بەبێ ئەنجام كۆتایی پێهاتووە.




