ناونووس کردنی پاڵێوراوانی سه‌رۆک کۆماریی ئێران کۆتایی هات

ئێران - KDP.info / به خۆکاندیدکردنی عه‌لی ئه‌کبه‌ر هاشمی ڕه‌فسه‌نجانی، سه‌عید جه‌لیلی، ئێسفه‌ندیار ڕه‌حیم مه‌شایی و محه‌مه‌د ڕه‌زا ،وه‌کوو ژماره‌یه‌ک له که‌سایه‌تییه دیاره‌کانی گۆڕه‌پانی سیاسی ئێران بۆ به‌شداریی له یازده‌هه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماریی، دۆسیه‌ی خۆپاڵاوتنی ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردن له ئیران به‌سترا.
ئەمرۆ شه‌ممه دوایین ڕۆژی مۆڵه‌تی پێنج ڕۆژه‌ی نانووسیی پاڵێوراوانی یازده‌هه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماریی به خۆپاڵاوتنی477 که‌س کۆتایی هات.
کوردپرێس بڵاویکردەوە، له‌ناو ئه‌و که‌سانه‌ی که ناویان تۆمارکردووه، ناوی 38 که‌سایه‌تی دیاری گۆڕه‌پانی سیاسی ئێران له هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌بینرێت که پێشتر پۆسته‌کانی سه‌رۆک کۆماریی، جێگری سه‌رۆک کۆماریی، وه‌زیر، په‌رله‌مانتار و سه‌رکرده‌ی حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانیان له ئه‌ستۆ بووه.
له‌م نێوه‌دا ناوی که‌سانێک وه‌کوو عه‌لی ئه‌کبه‌ر هاشمی ڕه‌فسه‌نجانی، سه‌رۆکی ناوه‌ندی دیاریکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامی، سه‌عید جه‌لیلی، ده‌بیری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران، ئێسفه‌ندیار ڕه‌حیم مه‌شایی، سه‌رۆکی نووسینگه‌ی سه‌رۆک کۆمار و که‌سی نێزیک له ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، محه‌مه‌د ڕه‌زا ڕه‌حیمی، جێگری یه‌که‌می سه‌رۆک کۆمار، عه‌لی ئه‌کبه‌ر ویلایه‌تی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبه‌ر له کاروباری نێونه‌ته‌وه‌یی، موحسن ڕه‌زایی، ده‌بیری ناوه‌ندیی دیاری کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامی و ژماره‌یه‌کی دیکه‌ی که‌سایه‌تی دیار ده‌بینرێت.




