سیاسەتمەداری كورد و راوێژكاری جەلال تاڵەبانی لە ئەنقەرە دەستگیر كرا

ئەنقەرە- KDP.info/ ژنە سیاسەتمەداری كورد و راوێژكاری پێشوی سەرۆك كۆماری عێراق خەدیجە یاشار بە بڕیاری دادگای ئەستەنبۆڵ لە شاری ئەنقەرە لە لایەن پولیسی توركیاوە دەستگیر كرا.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە رۆژی پێنج شەممە ژنە سیاسەتمەداری باكوری كوردستان كە ماوەیەكی زۆر دریّژە لە سلێمانی دەژیت، لە شاری ئەنقەرە بە بڕیاری دادگای ئەستەنبۆڵ و بە پێ مادەی 10 یاسای دژە تیرۆری توركیا دەستگیر كراوە و دواتر رەوانەی گرتووخانەی سێنجان كراوە.
خەدیجە یاشار كە پێشتر سەرۆكی پارتی ئاڵای رزگاری بووە، بۆ ماوەیەكی درێّژ لە سلێمانی وەكو راویّژكاری جەلال تاڵەبانیش كاری كردووە و زیاتر لە 40 ساڵە لە نێو سیاسەتی كوردیدا چالاكە.
هەر لەمبارەیەوە ئاژانسی جیهانی توركیاش بڵاویكردووەتەوە كە لەو دۆزەدا كە خەدیجە یاشار لە سەری دەستگیر كراوە، ناوی 40 چالاكی دیكەی كورد هەیە كە دادگا بڕیاری دەستگیركردنیانی دەركردووە.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە خەدیجە یاشار لە دوای كودەتاكەی 12ی ئەیلوولی ساڵی 1980 لە توركیا دەرچووە و هەر لەو ساڵەوە لە باشوری كوردستان نیشتەجێ بووە.




