جۆ بایدن : نامانەوێت هەڵەی بوشی کوڕ دووبارەبکەینەوە

ئەمەریکا - KDP.info / حکوومەتی ئەمەریکا مەترسی هەیە ئەوەی لە عێراق روویدا، جارێکی دیکە لەبارەی بوونی چەکی کۆمەڵکوژی لە سوریاش رووبداتەوە و ئیدارەی جۆرج بوشی کوڕیش لە بارەی ئەو دۆسییەوە بە خەراپ مامەلەکردن لە قەڵمدا.
جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند : ئیدارەی ئێستەی ئەمەریکا زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لە گەڵ دۆسیەی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژی لە سوریا دەکات ، ئۆباما نایەوێت ئەو هەڵەیەی کە جۆرج بوشی کوڕ لە عێراق کردی ئێستە لەسوریاش دووبارەی بکاتەوە.
جۆ بایدن لە دیدارێکی لە گەڵ رۆژنامەی رۆلینگ ستۆن دا ئاشکرای کرد: ئیدارەی باراک ئۆبامە تا ئێستە نموونەیەکی جوانی حکوومڕانی بووە ، نامانەوێت پەلە بکەین، لە دەرکردنی بڕیارێک کە دواتر پەشیمانی لێ بکەوێتەوە، وەک ئەوەی ئیدارەی بوش لە عێراق کردی.
لە بارەی چەکی کیمیای لە سوریا ، جۆ بایدن گوتی : راستە هەندێک زنیاری هەن، کە چەکی کیمیایی لە سوریا بەکارهێنراوە، بەڵام سەرۆک ئۆباما ئەو زانیاریانە وەک سەرەتا دەبینێت و داوای بەڵگەی راستەقینە دەکات، ئەگەر راستییەکە دەرکەوت و بەڵگەی تەواو هەبوو، ئەو کات ئەمەریکا هەڵوێستی دەبێت.




