ئەمەریکا سزای ئیرانی زێدەتر کرد

ئەمەریکا - KDP.info / ئیدارەی ئەمەریکا سزای بەسەر کۆمپانییایەکی دەریای و هەروەها بانکێکی فەنزویلا دا سەپاند، بەهۆی ئەوەی کە هاریکاری کۆماری ئیسڵامی ئێران کردووە، لە فرۆشتنی نەوت و کڕینی دراو کە دەچێتە بازنەی سەرپێچی کردنی سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا دژی حکوومەتی ئێران.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد: کۆمپانیای دەریای سامبوک شیبنیغ (ئێف زد سی ) نەوتی ئێرانی لە رێگەی کەشیەکانییەوە عەمبار کردووە ، دواتر لە بازارەکانی جیهانی فرۆشتووە بە بێ ئەوەی ناسنامەی سەرچاوەی نەوتەکە ئاشکرا بکات.
هاوکات بەیاننامەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ناوی بانکی (فەنزویلا – ئێران )ی خستۆتە نێو لیستی رەشەوە، کە گومان دەکات، ئەو بانکە پارەی ناردبێتە بانکەکانی ئێران، بە ئامانجی بوژانەوەی هەناردەکردنی ئەو وڵاتە، کە ئەمەش پێجەوانەی سزا ئابورییەکانی ئەمەریکایە کە سزاکانی زیاتر خۆی لە کەرتی هەناردەکردنی ئێران دەبینێتەوە.
بە پێی ناوەرۆکی بەیاننامەکەی گەنجینەی ئەمریکا : یەکێک لە بانکەکانی چین کە ناوی (ئۆف کۆلۆن ) ە دەیان ملیار دۆلاری داوەتە ئەو بانکە فەنزویلیە و ئەویش لای خۆییەوە، رەوانەی ئێرانی کردووە.
جێگای ئاماژەدانە: تۆمارکردنی ناوی هەر کۆمپانییەکی جیهانی لە لیستی رەشی ئەمەریکاوە، بەواتەی ئەوە دێت کە هەموو ئەو کۆمپانیایانەی ئەمەریکا هەن، ناچار دەکات، مامەڵەی بازرگانی بە هەموو شێوەیەک لە گەڵ کۆمپانییەکانی نێو لیستی رەشەوە قەدەغە دەکات.




