حکوومەتی عێراق : رێگا نادەین چەکدارانی پەکەکە بێنە خاکی عێراق

بەغدا - KDP.info / وەزارەتی دەرەوەی عێراق رێگە نادات چەکدارەکانی پەكەكە بۆ ناو خاكی عێراق بكشێنەوە و هاتنی چەکدارەکانیشی بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق لە قەڵمدا و بەدووریشی نەزانیووە ببێتە هۆکاری خراپبوونی رەشی ئەمنی عێراق و وڵاتانی دراوسێ.
لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هۆكاری نارازیبوونی لەكشانەوەی چەکدارەکانی پەكەكەی بۆ ناو خاکی عێراق گەڕاندۆتەوە بۆ پاراستنی سەروەریی خاكی وڵاتەكەی و رێزگرتن لە بنەمای دراوسێیەتی باش و دەستوەرنەدان لەكاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیكە .
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستۆتە روو ، كە لە وانەیە ئەو كارە ببێتە هۆی ناسەقامگیریی ئاسایش و بەرژەوەندی عێراق و وڵاتانی دراوسێ. بۆیە عێراق رەتیدەکاتەوە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بێنە نێو خاکی عێراقەوە
راگەیاندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتی لەوەکردۆتەوە کە ئەم هەڵوێستەی لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و دەستووری عێراق هاتووە. حکوومەتی عێراقێش پابەندە پێی.
پێشتر وەک سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردۆتەوە چەکدارانی پەکەکە ماوەی چەند رۆژێکە دەستیان بە کشانەوەی سەربازی کردووە لە نێو خاکی تورکیا بۆ نێو خاکی عێراق.




