٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

KDP.info زانیاری لەسەر هەڕەشەی كوشتنی رۆژنامەنووسێك لە لایەن سەركەوتی كوبە هەڵسوڕاوی گۆڕان بڵاودەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -   KDP.info / بەپێی زانیاری لەسەر چاوەیەکی باوەڕپێکراوی نێو خودی دەزگای راگەیاندنی دەزگای سبەی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان، دەردەكەوێت هەڵسوڕاوێكی گۆڕان هەڕەشەی كوشتن لە رۆژنامەنووسێك دەكات و رۆژنامەنووسانیش ئیدانەی ئەو رەفتارە دەكەن.

سەركەوتی كوبە هەڵسوڕاوی گۆڕان  و كەسێكی نزیك لە بەرپرسی یەکەمی بزوتنەوەکە دوو رۆژ پێش ئێستە، لە رێگای كەسێكەوە هەڕەشە لە رۆژنامەنووسی سایتی فەرمی گۆڕان "سبەی"  بە ناوی "سالار جاف" دەكات  و پێی دەڵێت " گولەیەك بەناو چاویەوە دەنێت"  دواتر بەشێك لە رۆژنامە نووسانی گۆڕان ئاگاداری نەوشیروان مستەفا سەرۆكی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەنەوە كە هەڕەشەیەكی جددی لە سەر كادیرێكی راگەیاندنیان هەیە ئەو سەرچاوە بە  KDP.info   راگەیاند رووداوەکە راستە و دەڵێت "سەركەوتی كوبە بە توڕە بوونەوە هەڕەشەی كردووە، ئاگاداری ئەو رۆژنامەنووسەی كردۆتەوە لە هەر ئەگەرێكی دیكە، بەڵام دواتر بۆ ئەوەی بابەتەكە گەورە نەبێت خۆی هاتۆتە لای رۆژنامەنووسەكە و ئاشتی كردۆتەوە،  رۆژنامە نووسە پەنای بۆ دادگا نەبردووە ".

لەمبارەوە پەیوەنیمان بەسەركەوتنی كوبە هەڵسوڕاوی گۆڕان كرد دوای تۆماركردنی ئاخاوتنەكەی لە سەر ئەو بابەتە دواتر ئاگاداری كردووینەتەوە كە ئەو دەنگە بڵاونەبێتەوە و ئێستا ئەو دەنگە لەلای KDP.info   پارێزراوە .

بەپێی زانیاری KDP.info   لە دوای ئەو رووداوە چاودێری تەواو خراوەتە سەر كامیرای سەرجەم بینای دەزگا راگەیاندنی وشە، ئەنوەر حوسێن بازگر لە سەندیكای رۆژنامە نووسان  بۆ KDP.info   گوتی : رۆژی 6/5/2013 سەركەوتی كوبە هەڵسوڕاوی گۆڕان، دەنگە دەنگی لە گەڵ رۆژنامە نووسێكی سایتی سبەی بووە،  بەڵام دواتر لە راگەیاندنی خۆیانەوە ئاشت بوونەوەیان راگەیاندووە، بەڵام بەڕای من هەڕەشەكردن لە هەر رۆژنامەنووسێك دژی یاسا و مافی  رۆژنامە نووسییە،  ئەگەر كاك سەركەوت و رۆژنامەنووسەكە  كێشەیان هەبێت دەبێت لە دادگاوە چارەسەری بكەن، نەك بە هەڕەشە و سوڵحی عەشایەرییەوە.

ئەنوەر حوسێن ئەوەشی خستەڕوو ئەم شەڕەی كوبە و سالار جاف هاوشێوەی هەڕەشە و پەلاماردانی بەرپرسانی عەلی باپیر بوون بۆ سەر رۆژنامەنووسێك.

هەڕەشەكردن لە رۆژنامەنووسان بەپێی بەڵگە كۆكراوەكان بەردەوامی هەیە ماوەیەك پێش ئێستاش چەند پاسەوانێكی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە هەوڵی لێدان و ئەشكەنجەدانی رۆژنامەنووسێكی ناو دەزگاكەیان بوون، كە دواتر بە فشاری كۆمەڵگای مەدەنی كەسایەتییەكانی كوردستان عەلی باپیر سەردانی ئەو رۆژنامەنووسەی كرد، بەبێ‌ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە پاسەوانەكانی بكات .

ئاسۆ كەریم رۆژنامەنووس و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ KDP.info   گوتی : هەر پێشێلكارییەك پەیوەندی بە كاری رۆژنامەنووسییەوە هەبوو دەخرێتە یاسای 34ی كاری  رۆژنامەنووسییەوە لە هەرێمی كوردستان،  بۆیە ئەو هەڕەشەی سەركەوتی كوبە لەو برا رۆژنامەنووسە پەیوەندی بە كاری رۆژنامە نووسییەوە هەبووە، دەبێتە پێشێلكردنی یاسا ، یان لەسەر كارێكی دیكەی دەرەوەی كاری رۆژنامەنووسی ئەوە دەبێت روونكردنەوە لەسەر ئەو كارە بدەن .

لەمبارەوە رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ KDP.info   گوتی : ئەو قسانەی سالار جاف بۆ ئێمەی باسكردوون، جێگەی نیگەرانییە بەرپرسی حزبی بەو زمانە قسە لە گەڵ كارمەندێكی حزبەكەی بكات.

رێكخەری سەنتەری میترۆ باسی لەوەش كرد ئەو بەرپرسەی گۆڕان دوو بژاردەی لە بەردەست بوو، بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكەی لە گەڵ ئەو رۆژنامەنووسە،  یەكێكیان پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەی ‌و ئەویتریان دادگایە،. بەڵام بازی بەسەر هەدووكیان داوە.

هەواڵی پەیوەندیدار