حەمید باڤی.. گوشار لەسەر سەرکردایەتی کورد هەیە بۆ پرکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار

KDP.info/ ئەندامی هاوپەیمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق حەمید باڤی ئاشکرای کرد هەندێ لایەنی سیاسی گوشار لە سەرکردایەتی کورد دەکەن پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار پڕبکەنەوە، بۆیە لە ماوەی داهاتوو روون دەبێتەوە ئایا تالەبانی دەگەڕێتەوە بۆ بەرێوەبردنی پۆستەکەی یاخود ناگەڕێتەوە.
هەر لە درێژەی قسەکانیدا حەمید باڤێ بۆ ئاژانسی ئەخباریە گوتی هیوای چاک بوونەوەی بەپەلە بۆ جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆمار دەخوازین و هیوادارین بگەڕێتەوە بۆ بەرێوەبردنی پۆستەکەی، چونکە لە ماوەی رابردوودا هەموو لایەک بۆی روون بۆتەوە رۆڵی بەرێزیان چەند چالاک و هێمن بووە لە کاتی کێشە و چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەبارەت بە پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماریش باڤی روونیکردەوە هەرچەندە جێگری سەرۆک کۆمار بە ئەرکی خۆی هەڵساوە و کارەکان رارایی دەکات، بەڵام پاڵەپەستۆ لە سەر سەرکردایەتی کورد هەیە لە لایەن هەندێ لایەنی سیاسی لە پێناو پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار ،لایەنی کوردیش لای خۆیەوە پابەندە بە دەستور و رێککەوتنە سیاسییەکان.
شایەنی وتنە بەپێی دەستوری عێراق لە مادەی حەفتا و دوو و حەفتا و پێنج لە بەندی دووەمی بەشی سێیەم تیایدا هاتووە لە ئەگەری بەتاڵبونی پۆستی سەرۆک کۆمار بەهەر هۆکارێک، ئەوا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت بۆ تەواوکردنی ئەو ماوە سەرۆکایەتییەی ماوە .




