بەچاودێری جێگری سەرۆكی پەرلەمان رێز لە كۆمەڵێك نووسەرو رۆژنامەنووس و بێژەری ساڵانی شەستەكان نرا

هەولێر- /KDP.info بەچاودێری و ئامادەبوونی دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رێكخراوی زەنگ تایبەت بەراگەیاندن رێورەسمێكی تایبەتی بۆ رێزلێنان لەژمارەیەك نووسەر و رۆژنامەوان و بێژەری ناوداری ساڵانی پەنجا و شەستەكانی سەدەی رابردوو لەهۆڵی هوتێل شیراتۆن ساز كرد.
لەو رێورەسمەدا كە وەزیری داد و پارێزگاری هەولێر و سكرتێری حزب و بەرپرسانی ئیداری و حزبی ئامادەبوون، هەر یەك لە بەرێزان شەهید عەبدولخالق مەعروف و خوالێخۆشبووان سالح حەیدەری و سامی شۆرش و بەرێزان بارزانی مەلا خالید و محەمەدی مەلا كەریم و عەبدوڵڵا زەنگنە خەڵاتی رێزلێنان و چەپكە گوڵیان پێشكەشكرا.
سەرەتای رێورەسمەكە هەر یەك لە هێمن كاكەیی بەرپرسی رێكخراوەكە و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر وتەیەكیان پێشكەشكرد، دواتر دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەوتەیەكدا دەستخۆشی لە ئەنجامدانی ئەو رێورەسمە كرد و بەپێویستی زانی ساڵانە رێز لەو كەسایەتییە دیار و بەرچاوانە بنرێ كە ساڵانێكی زۆر خزمەتی گەلەكەیان كردووەو رۆڵی دیاریان لەبزاڤی نوسین و رۆژنامەگەری هەبوەو تەنانەت دووچاری نەهامەتی و دەردەسەری زۆر هاتوونەتەوە.
دواتر ناوو ژیاننامەی ئەو بەرێزانە پێشكەشكرا و خەڵاتی رێزلێنانیان پێ بەخشرا.




