رۆژنامەنووسێک: پێویستە کەسانی وەک سەرکەوتی کوبە ناویان بخرێتە لیستی رەشەوە

نووسەرێک: گۆڕان داوای ئازادی بۆ رۆژنامەنووسان دەکات، بەڵام بە کردار خۆی پێچەوانەیە
سەندیکای رۆژنامەنووسان: سەرەڕای ئاشتبوونەوەیان ئێمە بە پێشێلکاری تۆماری دەکەین
سلێمانی - تایبەت بە KDP.info/ دوای ئەوەی رۆژنامەنwوسێکی بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا لە سەر ئەوەی کۆمێنتێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بە ژێر وێنەیەکی سەرکەوتی کوبەی باژێروانی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی نوسیبوو، ھەڕەشەی کوشتن و دەرکردنی لێکرا. دواتر ئەو رۆژنامەنووسە لە ترسی گیانی خۆی گردەکەی بەجێھێشت و خۆی پەنا دا، لە بەرامبەردا رۆژنامەنووسێکیش پێیوایە کەسێک لە پاڵ ناوەندێکی گەورەی میدیایدا کە بانگەشە بۆ داکۆکیکردن لە مافی ئازادی رادەربڕین دەکات و لەم لاوە کەمپین بۆ کەیسێکی دیکە سازدەکاتو لەو لاشەوە خودی خۆی لەسەر نەک وتارێک، یان بابەتێکی رۆژنامەوانی، بەڵکو تەنیا لە سەر کۆمێنتێکی فەیسبوک ھەڕەشەی کوشتن بە فیشەک و دەرکردن دەکات، بۆیە جێگەی نیگەرانییە و پێویست بوو تەواوی رۆژنامەوانانی کورد دژ بەو عەقڵیەتە ناشارستانییەی لە مێشکی ھەندێک بەرپرسی ئەم ھەرێمە ریشەی داکوتیووە، ھەڵوێست وەربگرن و ئەو بەرپرسە نەک تەنیا ناچار بە داوای لێبوردن، بەڵکو ناوی بخەنە لیستی رەشەوە.
رۆژنامەنووس ئەرسەلان رەحمان بە kdp.infoراگەیاند: سەیرە لە دوور چەند مەترێک لە ناوەندێکی گەورەی میدیایدا، کەسێک ھەیە و بە رۆژی نیوەڕۆ ھەڕەشەی کوشتن لە ھاوئامانجێکی میدیاکاری خۆی دەکات و کەس قسە ناکات و مەسەلەکە بە سوڵحی عەشائیری چارەسەر دەکەن و لە بڕی ئەوەی ئەو بەرپرسە و عەقڵیەتە خێڵەکی و تیرۆرسازییەکەی ھەموو ئەو کاربەدەستانەی وا بیر دەکەنەوە لە قاو بدرێت، کەچی وێنەیان بڵاودەکرێتەوە، ئەھا خاڵ و خوارزا ئاشتبوونەتەوە.
رەحمان ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژنامەوانی راستەقینە دەبێت بە ئینساف بێت، رووداوەکان وەک خۆی ببینێت، کار بۆ فووتێکردن و پووکانەوەیان نەکات، چەوتی لە کوێ بینێت، بڵێت ئەوە چەوتییە، بەڵام ئایا بانگەشەکارەکانی ئازادی و مافی رادەربڕین لە سەر ئەو بنەمایە حوکم دەدەن. بێگومان نەخێر، چونکە ئەوان پێش ئەوەی رۆژنامەوان بن، کەمپینچی سیاسی، بازرگان، لافیتەنووس، دروشمبازن، ھەموو ئەمانەش کاری رۆژنامەوانی پیشەگەر نییە.
ئەو رۆژنامە نووسە رونیشیکردەوە، حەقە سەندیکا، تۆزی بێ جورئەتی لە خۆی بتەکێنێت و کەمێک لە ژێر سێبەری حزب چییەکانی ھەناوی دوور بکەوێتەوە و لە سەر ئەساسی بەرژەوەندی گشتی نەک رۆژنامەنووسان، بەڵکو کایەی رۆژنامەوانی کار بکات و ھیچ نا لە بڕی کەیس داتاشین بۆ ئەم و ئەو و فووکردنە قەبارەی ئەم و ئەوەوە، خەمێکی جدی لە خودی پیشەکە بخوات و لیستێکی رەش دروست بکات، بە بێ گوێدانە مەرامی تایبەتی و ھەڕەشەی ئەم و ئەو، ھەموو ئەو کار بەدەستە چەک لەمشتانەی لەم ھەرێمەدا بوونەتە گڕنەی سەر جەستەی ئازادی رادەربڕین و ھەڕەشە لە میدیاکاران دەکەن، بیانخاتە لیستی رەشەوە و ناویان بڵاو بکاتەوە و مۆری ھەڕەشە بۆ سەر ئازادی و کایەی رۆژنامەوانی لە نێو چەوانیان بدات.
لای خۆشیەوە سمکۆ محەمەد نووسەر و رۆژنامەنووس بە kdp.infoراگەیاند: پێویستە ھەم خەڵکی سیاسی و ھەم رۆژنامەنووسانیش موراعاتی یەکتری بکەن بە جۆرێک رۆژنامەنووسان لە نووسینەکانیاندا کەسایەتییە سیاسییەکان بریندار نەکەن و کەسیاتییە سیاسییەکانیش بە ھەمان شێوە، نابێت ھەڕەشە لە رۆژنامەنووسان بکەن، چونکە کاریگەری ھەیە لە سەر سومعەی ئازادی وڵات، پێویستە بەشێوەیەکی مەدەنیانە مامەلە بکات و ئەگەر نە سەندیکا و یاسا ھەیە، بەڵام بەرای من زیاتر پێویستە سەندیکا ئەم کێشانە یەکلایی بکاتەوە، ئینجا چ پشتگیری لێبکات یاخود ئیدانەی بکات.
سمکۆ مەحمەد گوتیشی: ئێمە کە باس لە ئازادی دەکەین، پێویستە رۆژنامەنووسانیش زیادەرۆی لە ئازادی نەکەن و خەڵکی سیاسیش دەبێت ئەوە بزانێت رۆژنامەنووس ئازادە چی بنووسێت، بەمەرجێک تەشھیر نەکات، بەڵام بۆی نییە ھەڕەشە و سوکایەتی بە رۆژنامەنووس بکات، بە تایبەت برادەرانی گۆڕان کە خۆیان بانگەشەی ئازادی دەکەن، دەبێت رۆژنامەنووس ئازاد بێت، بەڵام ناکرێت ئەمە تەنیا قسە بێت و بەکردار پێچەوانە بێت.
لە لایەکی دیکەشەوە جمال حوسێن بڕیاردەری لیژنەی بەرگریکردن لە مافی رۆژنامەنووسان بە kdp.infoراگەیاند: ئێمە رەخنەمان لە رۆژنامەنووسان ھەیە، لە بەر ئەوەی لە جیاتی تۆمارکردنی سکالا و لەبەر گرتنی رێگای یاسایی پەنا دەبەنە بەر رێگای ئاشتی، وەکو ئەو کێشەی نێوان مامۆستا عەلی باپیر و پەیامنێری کەناڵی پەیام ، چونکە لەمەودوا بەرپرسان وا فێردەبن گەر ھەڕەشە و سوکایەتیش بە رۆژنامەنووسان بکەن، پێیان ئاسایی دەبێت، چونکە دەڵێن وەکو ئەمانەی پێشوتر لە ماڵەوە ئاشت دەبینەوە و سکاڵا تۆمار ناکەن.
جەمالحوسێن گوتیشی: ئێمە پەیوەندیمان بەو رۆژنامەنووسە کردووە، ئەو دەڵێت من سکاڵا تۆمار ناکەم و کێشەیەکی ناوخۆیی بووە و ئاشتبووینەوە، ئەمەش بەرای من کارێکی زۆر خراپە.
ناوبراو روونیشیکردەوە، ھەر چەندە ئاشتبوونەتەوە، بەڵام ئێمە وەکو سەندیکا بەپێشێلکاری دەینووسین، چونکە ئەمە پێشێلکارییە و ھەڕەشەی لەو رۆژنامەنووسە کردووە.
سەنتەری میترۆش بۆ بەرگریکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە راگەیندراوێکدا داوای لە ژووری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان کرد، روونکردنەوە بدات لە سەر " سووکایەتی" بەرپرسێکی بزوتنەوەی گۆڕان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسێکی سایتی سبەی و رایدەگەیەنێت نابێت بەرپرسی حزبی بەو زمانە لە گەڵ کارمەندێکی حزبەکەی بدوێت.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت: ئەو قسانەی سالار جاف بۆ ئێمەی باسکردوون جێگەی نیگەرانییە "نابێت بەرپرسی حزبی بەو زمانە مامەڵە لەگەڵ کارمەندێکی حزبەکەی بکات".
میترۆ پێیوایە ئەو بەرپرسەی گۆڕان دوو بژاردەی لە بەردەست بوو بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکەی لە گەڵ ئەو رۆژنامەنووسە، یەکێکیان پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەی و ئەویتریان دادگایە، "بەڵام بازی بەسەر ھەدووکیان داوە" جەخت دەکەینەوە" پێویستمان بە روونکردنەوەی ژووری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەر ئەم کەیسە بە تایبەتیش ئەوان یەک لە ئەرکەکانیان بەدواداچوونی رەوشی رۆژنامەنووسانی مافخوراوە لەم نیشتمانە".
رۆژی یەکشەمە سالار جاف، کە بەرپرسی (کاتی بەیانیان)ی سایتی سبەیە، سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە، تەنیا لە سەر کۆمێنتێک کە لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە ژێر وێنەیەکی سەرکەوت حەسەن کە ناسراوە بە (سەرکەوتی کوبە) پاسەوانێکی خۆی بۆ گردەکە دەنێرێت و پێی دەڵێت: ئەگەر گردەکە بەجێنەھێلیت یەک فیشەک دەنێم بە نێوچاوتەوە، دواتر لە ترسی ئەم ھەڕەشەیە گردەکەی بەجێھێشت.
بڵند ئیبراھیم




