عەباس بەیاتی : رۆیشتنی گەنجە شیعەكانی عێراق بۆ سوریا رێکخراو نییە

عێراق - KDP.info / ئەندامێكی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت رۆیشتنی شیعەكانی عێراق بۆ سوریا بۆ پاراستنی شوێنە ئاینیەكانە و لیژنەی بەرگری و ئاسایشیش هۆشداری لەكاریگەرییە خراپەكانی ئەو كارە دەدات.
عەباس بەیاتی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی ئاشکرای کرد: کە رۆیشتنی گەنجە شیعەكانی عێراق بۆ سوریا تاكلایەنەو رێكخراو نییە بەڵکو ئەو گەنجانە بە ویستی خۆیان دەچنە ئەو وڵاتە ،
عەباس بەیاتی روونیشیكردەوە: ئەوەی باس لەوە دەکات کە گەنجەکان بەشێوەیەکی رێکخراو دەچنە سوریا دوورن لە راستییەوە خودی گەنجەکان ئامانجییانە بۆ پاراستنی شوێنە ئاینیەكان بچنە سوریا نەك بۆ پشتیوانیكردنی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد.
پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی ئەوەشی راگەیاندووە : کە رووداوەكانی سوریا كاریگەری لەسەر عێراق دروستكردووە لەڕووی سیاسی و ئەمنیەوەو تەئكیدیكردەوە حكومەتو پەرلەمانی عێراق لەگەڵ هیچ لایەنێكی ململانێی سوریادا نییە، لە بەرئەوەی قەیرانی سوریا كێشەیەكی ناوخۆییەو پێویستە سوورییەكان خۆیان چارەسەرەی بكەن.
لەلایەكی دیكەوە حەسەن جیهاد ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداریدا لە كاریگەری رۆیشتنی گەنجە شیعەكانی عێراق بۆ سوریا و شەڕكردن بۆ پشتیوانیكردنی حكومەتی سوریا.




