لەهەولێر بەهۆی بەهەڵە چارەسەركردنی كارمەندێكی تەندروستیەوە هاووڵاتیەك لەپیاوەتی دەكەوێت

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی تەندروستی هەولێر رایگەیاند دوای ئەوەی بەمەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشیەكی ئاسایی هاووڵاتیەك سەردانی نۆرینگەی كارمەندێكی تەندروستی دەكات لە هەولێر دوای وەرگرتنی چارەسەرو تێپەڕبوونی چەند كاتژمێرێك بەسەر بەكارهێنانی چارەسەریەكان هەست دەكات ئەندامی نێرینەی لەدەستداوەو لەپیاوەتی كەوتووە بۆیە داوای یاسایی لەسەر كارمەندە تەندروستییەكە تۆمار دەكات.
قاسم عەزیز بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ kdp.infoگوتی: بەپێی ئەو زانیاریانەی لە دەستی ئێمەیە هاووڵاتییەك بەمەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشییەكی ئاسایی سەردانی نۆرینگەیەكی كارمەندێكی تەندروستی دەكات لە هەولێر و دوای ئەوەی چارەسەری وەرگرتووەو بەكاری هێناوە كە دەرزی بووە هەستی كردووە كە خوێن لە ئەندامی نێرینەی دێت، پاشان بەمەبەستی چارەسەری زیاتر دەچێتەوە لای كارمەندەكەو كۆمەڵێك دەرمانی تر وەك چارەسەری وەردەگرێت، بەڵام لەبری باشتر بوونی هەست دەكات كە هەستی سێكسی زۆر لاواز بووەو لەپیاوەتی كەوتووە ئەمەش بەهۆی ئەو كاریگەریەی لەسەر ئەندامی نێرینەی هاووڵاتیەكە دروست بووە.
ناوبراو گوتیشی: ئێستە هاووڵاتیەكە سكاڵای یاسایی لەدژی كارمەندە تەندروستییەكە تۆماركردووەو نۆرینگەكە داخراوەو بابەتەكە چۆتە دادگا بەمەبەستی یەكلایی كردنەوەی.
ناوبراو گوتیشی: مەرج نییە ئەو هاووڵاتیە بەهۆی ئەو چارەسەری ئەو كارمەندە تەندروستییەوە لە پیاوەتی كەوتبێت بەڵكو بابەتەكە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندی تەندروستیەوە لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت بۆ ئەوەی راستی بابەتەكە بزانرێت هەربۆیە ئێستە ناتوانرێت ئەو كارمەندە دەستگیر بكرێت، چونكە هیچ بەڵگەیەك نییە بۆ تاوانباربوونی تاوەكو ئەو كاتەی ئەنجامی لێكۆڵینەوە زانستی و یاساییەكان رادەگەیەنرێت.
بەپێی وتەی بەرێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر نۆرینگەی كارمەندە تەندروستیەكە لە گەڕەكی ئازادی شاری هەولێرەو ئێستە بەبڕیارێكی لایەنی پەیوەندیدار بۆماوەیەكی نادیار داخراوە.




