زیاتر لە هەشت مانگە پرۆژە یاسای زمانە فەرمیەكان پشتگوێ خراوە
ههولێر- تایبهت به KDP.info/ لەماوەی رابردوودا بەهەوڵێكی زۆری ژمارەیەك رۆشنبیر و یاساناسی هەرێمی كوردستان پرۆژەیەك ئامادەكرا بەمەبەستی دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە زمانە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان كە بەپێی گوتەی چاودێران دەبێتە هۆی چارەسەركردنی كۆمەڵێكی گرفتی بوارەكە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام یاساناسێك كە رۆڵێكی باڵای لە دارشتنی ئەو پرۆژەیەدا هەبووە گلەیی دەكات و دەڵێت پرۆژەكە پشتگوێ خراوە.
تارق جامجاز پسپۆڕی یاسایی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكیدا بۆ kdp.infoگوتی: لە رۆژی 8-10-2012 لە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای زمانە فەرمیەكان لە هەرێمی كوردستان كرا و دواتر رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرا، بەڵام بەداخەوە لەو كاتەوە هاتاكو ئێستا ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەكەی بۆ پەرلەمان نەناردۆتەوە بۆ ئەوەی بخرێـتە بەرنامەی كار، هەرچەندە پەرلەمان بڕیاریداوە كە چەند پرۆژە یاسایەك كە رەهەندی نیشتمانیان هەیە بخرێتە بەرنامەی كار و گفتوگۆی لەسەر بكرێـت بەڵام بەداخەوە ئەو پرۆژە یاسایەگرنگە نەخراوەتە ئەو لیستەوە كە گرنگیەكی ئەوتۆی هەیە چونكە زمان بونی هەر نەتەوەیەكە
ناوبراو گوتیشی: بەپەسەند كردنی ئەو پرۆژەیەو بوونی بە یاسایەكی فەرمی زۆر گرفت چارەسەر دەبێت كە یەكێك لەوانە ئەو بێسەروبەریەی كە ئێستا لە تابلۆی دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتیەكانی تر بەدی دەكرێت




