٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەزهەر رێز لە زانا و بیرمەندی كورد مستەفا زەڵمی دەگرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/لەسەر پێشنیازی مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بۆ رێزگرتن لە دكتۆر مستەفا زەلمی بەرامبەر هەوڵ‌و كۆششی زۆری لە بواری زانست‌و زانیاریدا، رابیتەی جیهانی دەرچووانی ئەزهەر بڕیاریدا ئاهەنگێكی رێزلێنان ساز بكات بۆ گەورە زانا‌و بیریاری ئیسلامی كورد دكتۆر مستەفا ئیبراهیم زەڵمی، كە كەسایەتی‌و زانایەكی گەورەیە‌و ئێستا لە هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر دادەنیشێت، ئاهەنگەكە بە ئامادەبوون‌و چاودێری ئیمامی ئەكبەر دكتۆر ئەحمەد تەیبی شێخی ئەزهەری شەریف دەبێت‌و، ئاهەنگەكە لە كاتژمێر 11ی بەیانی رۆژی شەمەی داهاتوو رۆژی 11ی ئەم مانگە دەبێت لە بارەگای رابیتەی جیهانی دەرچووانی ئەزهەر، هەروەك مامۆستا مەلا عەبدولا مەلا سەعید گرتكی سەرۆكی یەكێتی زانایان یاوەری دكتۆر مستەفایە لە سەفەرەكە‌و ئامادەی ئاهەنگەكە دەبێت.

 لەم بارەوە سەرۆكی یەكێتی زانایان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە لە هەوڵی بەردەوام داین بۆ دروستكردنی باشترین پەیوەندی لەگەڵ زانایانی جیهانی ئیسلامی‌و ناوەندە ئیسلامیەكان، هەروەك بە ئەركێكی مەزنی دەزانین رێز لە گەورە زانایانمان بگیرێت، بەتایبەتی كەسایەتی دكتۆر مستەفا زەڵمی كە خزمەتێكی گەورەی زانستی كردووە، بە خۆشحاڵیەوە دوای پێشنیازكردنەكە، شێخی ئەزهەر بڕیاریدا رێز لە هەوڵ‌و ماندووبوونی بگرێت، ئەمەش بۆ ئێمە كارێكی گەورە‌و پیرۆزە، هەروەك نامەیەكی كوردستانیشە بۆ جیهانی ئیسلامی، تا لەم رێگەیەوە واقیعی زانستی‌و كۆمەڵایەتی كوردستانیان پێبگەیەنین، بێگومان ئەمەش دوا كارمان نابێت، بەڵكو هەوڵ دەدەین لەم رێڕەوە بۆ چەندین شوێنی دیكە بەردەوام بین.

 شایانی باسە دكتۆر مستەفا زەڵمی ساڵی 1924 لە گوندی زەڵمی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان لە دایك بووە‌و، ساڵی 1934 چووەتە قوتابخانەی ئایینی‌و، لەسەر دەستی مامۆستایانی پسپۆڕ‌و شارەزا لە زانایانی ئایینی عێراق‌و ئێران زانستەكانی: (نەحو، سەرف، مونازەرە، مەنتیق، بەلاغە، ئوسولی دین، ئوسولی فیقه، فەلسەفە، بیركاری، فەلەكناسی) خوێندووە، هەروەك ساڵی 1946 بڕوانامەی (عالیمی) لە زانستە ئیسلامیەكان وەدەستهێناوە لە ئەنجومەنی زانستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف، ساڵی 1965 بەكالۆریۆسی وەدەستهێناوە لە یاسا لە زانكۆی بەغداد، ساڵی 1968 ماستەری لە شەریعە وەدەستهێناوە لە زانكۆی بەغداد، ساڵی 1971 ماستەری وەرگرتووە لە لە فیقهی بەراوردكاری لە زانكۆی ئەزهەر، ساڵی 1973 ماستەری لە یاسا هێناوەتەوە لە زانكۆی ئەزهەر‌و، ساڵی 1975 دكتۆرای لە فیقهی بەراوردكاری هێناوەتەوە، ساڵی 2004 دكتۆرای لە یاسا هێناوەتەوە لە زانكۆی بەغداد‌و، زیاتر لە پەنجا پەڕتووكی داندراوی هەیە لە بوارەكانی شەریعە‌و یاسا‌و، زیاتر لە چل توێژینەوەی زانستی هەیە لە بوارەكانی یاسا‌و فەلسەفە‌و فیقهـ، ئەوە سەرباری سەرپەرشتیكردنی زیاتر لە 100 نامە‌و تێزی دكتۆرا‌و ماستەر لە بوارەكانی ئوسولی فیقهو فەلسەفە‌و یاسا‌و شەریعە، هەروەك بەشداری ژمارەیەك زۆر كۆنگرەی كردووە لە ناوەوە‌و دەرەوەی عێراق.

 

هەواڵی پەیوەندیدار