پەرلەمانی کوردستان پڕۆژە یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی پەسەندکرد

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ فازل بەشارەتی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: پڕۆژە یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان ماوەی سێ ھەفتەیە گفتوگۆیەکی بەرفراوان لە سەر دەکرێت و ئەمڕۆش پەرلەمانی کوردستان بەکۆی دەنگ توانی ئەم پڕۆژە یاسایە پەسەند بکات، کە سودێکی زۆری بۆ کەس و کاری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان دەبێت.
فازل بەشارەتی گوتیشی: پێشتر ھەر خێزانێک گەر تا چوار شەھیدی ھەبوایە تەنھا یەک شەھیدانەی بۆ حیساب دەکرا، بەڵام بەپێی ئەم پڕۆژە یاسایە ئێستا ھەر شەھیدێک شەھیدانەی خۆی وەردەگرێت.
بەشارەتی ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر بەپێی ئەم پڕۆژە یاسایە 5% زەمالەی خوێندن بۆ کوروکچی شەھیدان و ئەنفالکراوەکان دیاریکراوە، ھەروەھا ئەوانە کە تا ئێستا لە وەرگرتنی خانوو و زەوی سودمەند نەبوونە پارەچەیەک زەویان پێدەدرێت لە گەڵ مینحەیەکی 20ملیۆن دیناری .
ناوبراو راشیگەیاند، سەرەڕای ئەمانە کۆمەڵێکی دیکەی ئیمتیازات لەناو ئەوپڕۆژە یاسایە دایە بۆ کەس و کاری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان.




