ڤلادیمیر پۆتین پێشوازی لە جۆن كیری دەكات

روسیا-KDP.info / لە مۆسكۆ بریارە ئەمڕۆ سەرۆكی روسیا ڤلادیمیر پۆتین پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جۆن كیری بكات.
دیمیتری بیسكوف سكرتێری رۆژنامەوانی سەرۆكی ئەمەریكا بە ئاژانسە هەواڵیەكانی روسیای راگەیاند كەوا ئەمڕۆ ئەو یەكتربینینە ئەنجام دەدرێت و لە دانیشتنەكەیاندا بیرورا ئاڵوگۆڕ دەكەن لەسەر دۆسیە سەرەكیە گرنگەكان.
وەكو لە ئاژانسی هەواڵی (روسیا الیوم) هاتووە سەرۆكی روسیا ڤلادیمیر پۆتین ئامادەیی خۆی بۆ چاوپێكەوتنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەرب{یوە لە رێگەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەگەڵ هاوتا ئەمریكیەكەی (ئۆباما) ئەنجامی داوە.
هەروەها بڕیارە جۆن كیری چاوی بە هاوتا روسیەكەی سیرگی لاڤرۆڤ بكەوێت و لەگەڵ ئەویشدا چەند باسێك تاوتوێ دەكەن لە سەرویانەوە دۆسیەی سوریا و مەسەلە جێگیركردنی دژەموشەكییەكانی ئەمەریكا لەناوچەكەو دۆسیەی ئێران و پەیوەندییەكانی نێوان هەردولا.
شایانی باسە ئەم سەردانەی ئەمجارەی جۆن كیری رێی تێدەچێت دوا هەوڵی ئەمەریكا بێت بۆ رێكەوتن لەسەر سیناریۆیەك كە چارەسەری كۆتایی بۆ بارودۆخی سوریا پێ بێت.




