رێكخراوە مەدەنییەكانیش كۆمیتەیەك بۆ چاودێری كردنی كێشانەوەی پەكەكە دادەمەزرێنن

دیاربەكر- KDP.info/ رۆژی دوو شەممە رێكخراوە مەدەنییەكانی باكووری كوردستان و توركیا بە سەرۆكایەتی ناوەندی مافی مرۆڤی دیاربەكر كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا كە بە مەبەستی چاودێری كردنی قۆناغی كێشانەوەی هێزە چەكدارەكانی پەكەكە كۆمیتەیەكی تایبەتی دابمەزرێت.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر رایگەیاند كە رێكخراوەكانی ناوەندی مافی مرۆڤ، مەزڵوومدەر كەسك، لقی دیاربەكر پلاتفورمەكانی توركیا، لقی دیاربەكر ژووی دكتۆرانی توركیا، گۆنسیاد، تی تێهڤ، تۆهاد قەد، مەیادەر و رێكخراوی دایكانی ئاشتی بە سەرۆكایەتی ناوەندی مافی مرۆڤی دیاربەكر سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان سازكردووە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كرد كە لەم كۆبوونەوەیەدا بۆ پێشگرتن لە روودانی هەرجۆرە رووداوێكی نەخوازراو و پێشگرتن لە هەوڵەكانی ئاژاوەگێڕی، بریار دراوە كە كۆمیتەیەكی هاوبەش بۆ چاودێری كردنی قۆناغەكە و كێشانەوەی هێزە چەكدارەكانی پەكەكە لە نێو سنوورەكانی توركیادا دابمەزرێت.
ئارمانجی ئەم كۆمیتەیە ئەوەیە كە رێكخراوەكانی دیكەدا تا ئەو كاتەی كە هێزە چەكدارەكانی پەكەكە لە نێو سنوورەكانی توركیادا دەردەچن، لەگەڵیاندا بن و قۆناغ بە قۆناغ چاودێری پرۆسەی كێشانەوە بكەن.




