كۆمیتەی عەقڵمەندان داوای ئازادكردنی هەموو گیراوانی دۆزی كەجەكە دەكات

ئەستەنبۆڵ- KDP.info/ دوای ئەوەی كە كۆمیتەی عەقڵمەندان سەردانی ناوچەكانی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵی كرد و گەڕایەوە ئەستەنبۆڵ، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز كرد و لەم كۆنگرەیەدا داوای ئازادكردنی هەموو گیراوەكانی دۆزی كەجەكەی كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی رایگەیاندووە كە رۆژی دووشەممە تیمی ناوچەكانی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵی كۆمیتەی عەقڵمەندان لە شاری ئەستەنبۆڵ سەبارەت بە سەردان و كۆڕ و كۆبوونەوەكانی خۆی لەو ناوچانەدا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز كرد.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی تیمی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵی كۆمیتەی ناوبراو ئەحمەد فاروق ئۆنساڵ رایگەیاندووە كە بۆ ئەوەی كە مەرحەلە یەك لە دوا یەكەكانی قۆناغی چارەسەریی بە سەركەوتووی تێپەڕ ببن، پێویستە دەوڵەتی توركیا هەر هەموو گیراوە كوردەكانی دۆزی كەجەكە ئازاد بكات.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا سەبارەت بە دۆزی دادگایی كردنی کەسانی كردەوە نادیارەكانیش ئاماژەی بەوە كردووە كە گرتن و دادگایی كردنی فەرماندەی پێشووی سوپای توركیا ژەنەراڵ تەمیز ئۆز خاڵێكی زۆر گرنگ و سەرەكەیە و بە ئەنجام گەیشتنی ئەم دۆزە دەتوانێت خزمەتێكی یەكجاری باش پێشكەشی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد بكات.




